شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی پشکی هەرێم و جێگیرکردنی شایستە داراییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، گەیشتنە بەغدا.

ئەمڕۆ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندی دارایی هەرێم لە بەغدا گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق دەست پێ کردووە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی کۆبوونەوەکان ڕوونکردنەوەی پێشنیازە داراییەکان و پێداگرییە لەسەر ماف و شایستە یاساییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی نوێی عێراقدا.

بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داواکارییە لە پێشینەکانی هەرێم کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار دەگرنەوە، وەک هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

هەروەها دۆسیەی خەرجکردنی ئیکرامیەی 12 مووچەی دەیان هەزار خانەنشین، گەڕاندنەوەی مووچە کەڵەکەبووەکانی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی، هاوشانی بەهەمیشەییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، بەشێکی سەرەکیی پاکێجی دانوستانەکانی وەزارەتی دارایی پێک دەهێنن.

پرسی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بووە، کە سەرەڕای ڕێککەوتنە سەرەتاییەکان، بەردەوام مشتومڕ لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنیان هەبووە.