داخستنی گەشتە دەرەکییەکانی ئێران کێشە بۆ نوێنەرانی وڵاتەکە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دروست دەکات، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەمبارەیەوە هۆشداری دەدات.

ئەمڕۆ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، دڵنیا نییە کە چۆن نوێنەرانی ئێران لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیییۆرک دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، چونکە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا 80% بۆ 90%ـی گەشتە دەرەکییەکانی ئێرانی پەکخستووە.

ڕۆژی دووشممەی ڕابردوو بێسێنت هۆشداری دا لەوەی هێڵە ئاسمانییە دەرەکییەکانی ئێران لە ڕۆژی پێنجشەممە (ئەمڕۆ)ـەوە  دادەخرێن و ئەو کۆمپانیایانەشی خزمەتگوزاری نیشتنەوە، سووتەمەنی و تیکتی فرۆکە پێشکەش دەکەن، ڕووبەڕووی سزا دەکرێنەوە.

لەم هەفتەیەدا گەشتە ئاسمانییەکانی هەر یەک لە وڵاتانی ئازەربایجان و عێراق بۆ ئێران وەستێندران، تورکیاش وەستاندنی تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران تا مانگی 3ـی 2027 ڕاگەیاندووە.

سەرەڕای هەڕەشە و سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دوێنی ئێران لە گەشتە دەرەکییەکانی بەردەوام بوو، بە گوێرەی پێگەی بلومبێرگ، داتاکانی چاودێریکردنی هاتووچۆی ئاسمانی زیاتر لە 6 گەشتی دەرەکی لە ئێرانەوە بۆ تایلەند، چین و ئەفغانستان دەرخستووە.