پڕۆژەی ڕووناکی سیستمی قیستی مانگانەی بۆ دانەوەی قەرزی کۆنی کارەبای هاوبەشان کارا کرد، بە جۆرێک دەرفەت دەدات لە ماوەی 6 تا 24 مانگدا شایستە دارایییە کەڵەکەبووەکان بگەڕێندرێنەوە.
ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند، قەرزی کۆنی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکە بەبێ داشکاندن دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانە و لە خولی مانگی 9ـەوە دەست پێ دەکات، ئەم ڕێکارە هەلێکی نوێ دەڕەخسێنێت بۆ ئەو هاوبەشانەی نەیانتوانیوە سوودمەند بن لە کەمپینی پێشووی لێخۆشبوونی 50%، بەو مەرجەی بڕی دیاریکراو لەگەڵ پسوولەی مانگانەدا لە ماوەی 50 ڕۆژدا بدرێتەوە.
بەپێی پۆلێنکردنی نوێ، هاوبەشانی ماڵان و کەرتی کشتوکاڵ دەتوانن قەرزەکانیان لە ماوەی 24 مانگدا بدەنەوە و کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20,000 دینار دەبێت، هاوکات پشکی بازرگانیی بچووک بە قیستی 12 مانگی و بە هەمان کەمترین بڕ دیاری کراوە، لە کاتێکدا کەرتی بازرگانی و پیشەسازیی گەورە دەتوانن لە ماوەی 6 مانگدا بە کەمترین بڕی 200,000 دیناری مانگانە پابەندییە دارایییەکانیان جێبەجێ بکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئامارە فەرمییەکانیدا ئاشکرای کرد نزیکەی 800,000 هاوبەش لە کەمپینی داشکاندنی 50% سوودمەند بوون و حکومەت لە بڕی 360 ملیار دینار خۆش بووە، هاوکات لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەش، زیاتر لە نیوەی ئەوانەی هێشتا قەرزیان ماوە بڕەکەی لە 300,000 دینار کەمترە، هەروەها بەهۆی ڕێکخستنەوەی نرخەکانەوە 80%ی هاووڵاتییان تێچووی مانگانەیان کەمتر بووەتەوە بەراورد بە سەردەمی کڕینی کارەبای مۆلیدە.
پڕۆژەی ڕووناکی لە کۆتایییەکانی ساڵی 2024 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کارەبا و نەهێشتنی مۆلیدە ئەهلییەکان ڕاگەیەندرا، ئەم پڕۆژە نیشتمانییە ژێرخانی وزەی نوێ کردەوە و لە ماوەیەکی پێوانەییدا خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوامی گەیاندە زۆرینەی ناوچەکان.