دوای 22 ڕۆژ لە گیان لەدەستدانی سارا تەحیسن، کۆمەڵەی پزیشکانی سڕکاری کوردستان دەستگیرکردنی د. ئەیاد نەجم بەر لە دەرچوونی ڕاپۆرتی دادپزیشکی بە بڕیارێکی نادادپەروەرانە ناو دەبات.
لە 22ـی 9ـی 2026 بە بڕیاری دادگای هەولێر، د. ئەیاد نەجم، ئەو پزیشکە سڕکەرەی لە نەشتەرگەرییەکەی سارا تەحسین بەشدار بوو، دەستگیر کرا.
ئەمڕۆ کۆمەڵەی پزیشکانی سڕکاری کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، د. ئەیاد نەجم هەڵگری بڕوانامەی بۆردی عێراقییە لە پزیشكیی سەرکاردا و لە ساڵی 2010ەوە ناسنامە و ڕێگەپێدانی سەندیکای پزیشکانی کوردستان / لقی هەولێری هەبووە.
کۆمەڵەی پزیشکانی سڕکاری کوردستان باسی لەوە کرد، ئەم پزیشکە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە خزمەت دەکات و تەنها ناسنامەی سەندیکاکەی بەسەرچووبوو، هاوکات بەرپەرسیارانی پشکنین و بەدواداچوون لەم بابەتە ئاگادار بوون و بەر لە 10 مانگیش داواکاری بۆ نوێکردنەوەی ناسنامەکەی پێشکەش کرابوو.
کۆمەڵەکە دەستگیرکردنی پزیشکەکە بەر لە دەرچوونی ڕاپۆرتی دادپزیشکی و ئەنجامی لیژنەی زانستی بە بڕیارێکی نادادپەروەرانە دەزانێت.
دەربارەی مەرجی هەبوونی بەشی چاودێریی چڕ بۆ سەرجەم نەشتەرگەرییەکان، کۆمەڵەی پزیشکانی سڕکار روونی کردەوە، بەپێی بنەما زانستی و جیهانییەکان، مەرج نییە هەموو نەشتەرگەرییەک یان سەرکردنێک پێویستی بە بەشی چاودێریی چڕ بێت.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەکە هۆشداری دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ وەلامدانەوەی بەپەلەی داواکارییەکانیان، بە پێچەوانەوە جەخت لەسەر وەرگرتنی هەڵوێست و ڕاگرتنی کارەکانیان لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکاندا دەکەنەوە بەهۆی بوونی فشاری دەروونی و لەکەدارکردنی ناوبانگیان لە میدیاکاندا.
لە بەرەبەیانی 22ـی 9ـی 2026، سارا تەحسینی تەمەن 21 ساڵان دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەی ڕەسووڵی تایبەت لە شاری هەولێر نەشتەرگەریی بۆ کرا، گیانی لەدەستدا.