دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە 30 پارچە شوێنەواری دزراوی سووریایان گەڕاندەوە بۆ ئەو وڵاتە، بەهای گشتییان لە 5 ملیۆن دۆلار زیاترە.
ئەمڕۆ داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتن لە نیویۆرک ڕایگەیاند، ئەمریکا 36 پارچە شوێنەواری دزراوی سوریایان گەڕاندەوە بۆ ئەو وڵاتە، کە بەهای گشتییان لە 5 ملیۆن دۆلار زیاترە، گەڕاندنەوەی ئەو بەرهەمە مێژووییانە بەڵگەیەکی ڕوونە پاراستنی میراتی کولتووری سنوورە نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنێت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕاگەیەندراوەکە، یەکێک لە پەیکەرە بەردینەکە کێشی زیاتر لە 450 کیلۆگرامە، وێنەی پیاوێک لە دۆخی پاڵکەوتندا پێشان دەدات هاوسەرەکەی و سێ منداڵی دەورەیان داوە، پێش ڕووخاندنی بەشێکی گەورەی شاری تەدمور لەلایەن چەکدارانی داعش لە ساڵانی 2015 تا 2017، بە قاچاخ لە وڵاتەکە دەرکراوە.
بەشێک لە پارچە دۆزراوەکان لە ماڵی مایکڵ شتاینهارت، کۆکەرەوەی ئاسەواری مێژوویی ڕەگەز ئەمریکی دەستیان بەسەردا گیرابوو، ناوبراو لە ساڵی 2021 ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا واژۆ کرد بۆ ڕادەستکردنەوەی 180 پارچە شوێنەواری جیهانی بە بەهای 70 ملیۆن دۆلار.
13 پارچەی دیکە لەنێو مۆزەخانەی میترۆپۆلیتاندا دۆزرابوونەوە، ئەمانەش پەیوەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی فراوان لە ساڵی 2017ـەوە، کە بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی 402 پارچە شوێنەوار بە بەهای نزیکەی 98.7 ملیۆن دۆلار لەو ناوەندە هونەرییەدا.
محەمەد قەناتری، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی سووریا لە واشنتن لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردەوە، ئەم هەنگاوە دەرخەری ئەوەیە پابەندبوونی هاوبەش بە پاراستنی شوێنەوار دەتوانێت پردی پەیوەندی بەهێز لەنێوان هەردوو وڵاتدا دروست بکات، ناوبراو سوپاسی هەوڵەکانی داواکاری گشتیی مانهاتنی کرد و گەڕانەوەی ئەو بەشەی مێژووی سووریای بۆ نیشتمان بە دەستکەوتێکی گەورە ناوبرد.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تاڵانی شوێنەواری مێژووی، پێشتریش سەدان پارچەی دزراوی بۆ وڵاتانی وەک ئیتاڵیا، یۆنان و چین گەڕاندووەتەوە.