حکومەتی عێراق هیچ وادەیهكی بۆ کۆکردنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە دەستی دەوڵەتدا دیاری نهكردووه، ئەمەش وەک پاشەکشەیەک لە بەڵێنەکانی پێشووی سەرۆکوەزیران بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە تا 30ی ئەیلوول هەژمار دەکرێت.
دوێنێ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە دیاریکردنی وادەیەکی کۆتایی دەکەن بۆ لێژنەی چەککردنی فەسیلەکان، و دووپاتی کردەوە کە پڕۆسەکە بەبێ دیاریکردنی کات بەردەوام دەبێت.
پێشتر ماڵپهری ئهلحورهی ئهمریكی ئاشکرای کردبوو، حکومەت دەیەوێت ڕۆژی 30ی ئەیلوول بکاتە سەرەتای پڕۆسەیەکی درێژخایەن لەبری وادەی کۆتایی، ئەمەش لەپێناو خۆبەدوورگرتن لە پێکدادانی سەربازی لەگەڵ گرووپە چەکدارە باڵادەستەکاندا.
لە ناوخۆی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا ناکۆکی هەیە لەسەر ئەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ بکرێتەوە یان تەنیا لە چوارچێوەی ڕێنماییی نوێدا ڕێک بخرێتەوە، لە کاتێکدا گرووپەکانی وەک کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، سەیدولشوهەدا و نوجەبا تا ئێستا ڕەتی دەکەنەوە دەستبەرداری چەکەکانیان ببن.
لە حوزەیرانی 2026دا واشنتن داوای لە بەغدا کردبوو خشتەیەکی کاتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان دیاری بکات، سەرۆکوەزیرانیش بەرواری 30ی ئەیلوولی هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەک دوا وادە ڕاگەیاندبوو، بەڵام بڕیارە نوێیەکە تەواوی ئەو بەڵێنانەی هەڵپەسارد.