لە وەڵامی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر وڵاتەکەی، پاکستان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر زیاتر لە 8 پێگە و کۆگای درۆنی ئەفغانستان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی پاکستان ڕایگەیاند، بەفڕۆکەی جەنگی و درۆن 10 پێگەی لە خاکی ئەفغانستان بۆردوومان کردووە، ئەمەش لە وەڵامی هێرشەکەی سەر وڵاتەکەیدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەنجامدرابوون.
عەتەڵڵا تارار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان دەڵێت: ''سوپای وڵاتەکە بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئەفغانستان و هێرشەکە بە مەبەستدار و بەشێوەیەکی دیاریکراو ئەنجامدرابوو، ئەم هێرشەش ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەو هەوڵە توندوتیژییانە هەبووە کە دەکرێنە سەر خاکی پاکستان''.
وەزیرەکەی پاکستان ئاماژەی بەوەشکرد، پاکستان هیچ هێرشێک لە خاکی ئەفغانستانەوە ئەنجام بدرێت قبووڵ ناکات، هەر جۆرە پێشێلکارییەکی سەروەری پاکستان بە هێرشێکی دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە وەڵام دەدرێتەوە.
عەتەڵڵا تارار دووپاتی کردەوە، کە هەڕەشە، ئینکاری یان هەوڵدان بۆلادان لە بەرپرسیارێتی لەلایەن ئەفغانستانەوە نابێتە هۆی گۆڕینی ڕاستییەکان، هەروەها مافی سروشتی پاکستان بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی و گەلەکەی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی کەم ناکاتەوە.
پاکستان ماوەیەکی زۆرە ئەفغانستان تۆمەتبار دەکات بە هێرشکردنە سەر خاکەکەی بەڵام کابوول هەمیشە تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە، بەهۆیەوە چەندین گرژی و ئاڵۆزی لە نێوانیان دروست بوو کە دەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە.