حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بە مەبەستی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە شێواندنی ناوە کوردییەکان، ڕەزامەندیی سەرەتایی لەسەر جێگیرکردنی پیتە تایبەتەکانی زمانی کوردی لە سیستمی کارگێڕی و دیجیتاڵیی دەوڵەتدا دەربڕی.

 

ئەمڕۆ پۆڵا شەهید سیروان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕەزامەندیی سەرەتایی نیشان داوە بۆ زیادکردنی پیتەکانی "پ، چ، ژ، گ، ڵ، ۆ، ڕ، ڤ" بۆ ناو سیستمی ئەلیکترۆنی و تۆمارە فەرمییەکان.

 

پۆڵا شەهید سیروان ڕوونی کردەوە، نەبوونی ئەو پیتانە لە سیستمی دامەزراوەکانی عێراقدا، بووەتە هۆکاری شێواندنی ناوی هەزاران هاووڵاتیی کورد و گۆڕینی واتا بنەڕەتییەکانیان لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەک کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری و هتد.

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ماددەی 4ـی دەستووری عێراق زمانی کوردی لەپاڵ زمانی عەرەبیدا فەرمییە، بەڵام لە سنووری ناوچەکانی ماددەی 140ـدا، زۆرێک لە خێزانەکان لە ترسی شێواندنی واتا یان تۆمارنەکردنی ناوی منداڵەکانیان، دەستبەرداری ناوە کوردییەکان بوون.

 

لە ئێستادا، ئەم نووسراوە فەرمییە لەلایەن بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراقەوە پەسەند کراوە و ئاراستەی بەشی یاسایی کراوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان و جێبەجێکردنی لە ئاستی دیجیتاڵیدا، ئەمەش وا دەکات هاووڵاتییانی کورد لە ترسی گۆڕینی مانای ناوەکانیان، چیتر پەنا نەبەنە بەر بەکارهێنانی ناوی عەرەبی.

 

لە دوای پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەییی عێراق لە ساڵی 2005ـەوە، سەرەڕای ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە دامودەزگاکاندا، بەڵام بەهۆی کەموکوڕیی تەکنیکی و کارگێڕیی دامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراقەوەیە، ناوە کوردییەکان لە کاتی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتدا بەردەوام ڕووبەڕووی شێواندن دەبوونەوە.