ڕاوێژکارێکی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی دا، تاران لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا یان ئیسرائیلدا، دەکرێت بازنەی شەڕ بەرەو زەریای هیندی و ناوچەکانی دیکە فراوانتر بکات.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی (فارس)ـی ئێران گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە، تێیدا یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازی ڕایدەگەیەنێت، کە لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری جەنگدا، وەڵامدانەوەی سەربازی سنووری نوێ دەبڕێت.
سەفەوی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ململانێکە لە کەنداوی فارس و گەرووی هورمزەوە بۆ دەریای سوور پەرەی سەندووە، بۆیە ئەگەری زۆرە لە وەڵامی بەردەوامیی شەڕدا، بەرەی پێکدادانەکان زەریای هیندی و تەنانەت ناوچە دوورترەکانیش بگرێتەوە.
ناوبراو لە قسەکانیدا، جەختی لە بەرەوپێشچوونی سیستەمی مووشەکی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و توانای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی کردەوە، ئاشکرای کرد کە سیستەمە ڕادارییەکانیان چاودێریی جووڵەی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداو و زەریای هیندیدا دەکەن.
ئەم ڕاوێژکارە ئێرانییە ڕوونیشی کردەوە، کە هێزە چەکدارەکانیان ئامادەیی تەواویان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەرگری و تۆڵەسەندنەوە دژی وڵاتی ئەمریکا لە هەر دۆخێکی نەخوازراودا هەیە.
ئەم گوتانە لە کاتێکدان، ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند، ئێران لە بەرامبەر فشار و هەڕەشەکانی ئەمریکادا "دانانەوێت"، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە تاران ئامادەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییە، بە مەرجێک زمانی زەبر و هەڕەشەی تێدا بەکار نەهێندرێت.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا، کاری زۆر و ماوەیەکی دیاریکراوی گفتوگۆی دەوێت، ڕوونیشی کردەوە کە بڕیاری کۆتایی لە ئێراندا تەنیا لەلایەن حکومەتەوە نادرێت، بەڵکو سوپای پاسداران کاریگەرییەکی گرنگی لە بڕیارەکاندا هەیە.