ڕاهێنەری ئێرلەندا لەسەر ئیسرائیل هاتە دەنگ و بە تاوانی "جینۆساید" تۆمەتباری کرد، یەکێتیی ئیسرائیلیش هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا دەکات.
پێش بەڕێوەچوونی یاریی نێوان ئێرلەندا و ئیسرائیل لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا (نەیشنز لیگ)، هێمیر هەڵگریمسۆن، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئێرلەندا، هێرشێکی توندی کردە سەر هەڵبژاردەی ئیسرائیل. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی چۆن یاریزانەکانی دەتوانن سەرنجیان تەنیا لەسەر یارییەکە بێت لە کاتێکدا داواکاری بۆ بایکۆتکردنی یارییەکە هەیە، هەڵگریمسۆن ڕایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ جێنۆساید یاری ناکەین، بەڵکو دژی جێنۆساید یاری دەکەین."
لە بەرامبەردا، یەکێتیی تۆپی پێی ئیسرائیل بە توندی وەڵامی ئەم لێدوانەیان دایەوە و ڕاهێنەری ئێرلەندایان بە "نەزان، نەفام و دووڕوو" ناوزەند کرد، هەروەها ڕایانگەیاند کە بەنیازن لەسەر ئەم قسانە سکاڵا لە دژی بباتە یوفا.
سەرەتای ئەم کێشانە بۆ ساڵی 2025 دەگەڕێتەوە؛ کاتێک هەڵگریمسۆن گوتبووی: "من تێنەگەشتم بۆچی یوفا و فیفا هەڵبژاردەی ڕووسیایان بایکۆت کردووە لە بەشداری کردن لە پاڵەوانێتییەکان، بەڵام ئیسرائیل سزا نادرێت بەهۆی جەنگی غەزەوە!"
لە لایەکی ترەوە، مایکل مارتین، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا پشتیگیری خۆی بۆ هەڵگریمسۆن دووپات کردەوە و ڕەخەنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسرائیلی بە "نەگونجاو" ناوبرد.
بڕیارە لە ماوەی هەفتەیەکدا هەردوو هەڵبژاردەی ئێرلەندا و ئیسرائیل دوو یاری لە خولی نەیشنز لیگ ئەنجام بدەن. یارییەکان لە وڵاتی هەنگاریا و بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچن، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ ڕێگری لە دروستبوونی هەر ئاڵۆزی و گرژییەکی نێوان هاندەران.
راهێنەری هەڵبژاردەی ئێرلەندا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل
کورتە
گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئێرلەندا و ئیسرائیل