بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان (کەی ئێم سی ئەی)، هاووڵاتییان و دەرمانخانەکان لە بوونی باجێکی ساختەی دەرمانی تاڤانیک ئاگادار دەکاتەوە.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی کەی ئێم سی ئەی له‌ هۆشدارییه‌كی فه‌رمیدا بڵاوی کردەوە، باجی 3LG5A لە حەبی "TAVANIC 500 mg" بە ڕێکەوتی بەسەرچوونی 10/2027 ساختەیە و تەنانەت ستیکەرەکەشی ساختە کراوە و لە سیستمی ئەلیکترۆنیی فەرمیدا تۆمار نەکراوە.

 

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان ڕوونی کردووەتەوە کە لە ڕێگەی ئامێری پشکنینی موگناتیسیی دژەساختەوە، چوارگۆشە ڕەشەکەی سەر ستیکەرەکە ڕەنگی نەگۆڕاوە بۆ سەوز، بەوەش ساختەبوونی دەرمانەکە ئاشکرا بووە.

 

دیاردەی ساغکردنەوەی دەرمانی ساختە و بێ کوالیتی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا مەترسییەکی بەردەوامە لەسەر تەندروستیی گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام لە ڕێگەی ستیکەری ئەلیکترۆنییەوە چاودێریی بازاڕ دەکەن.