بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی فشارکردن لە قوتابییان بۆ پۆشینی جلی یەکپۆشی قەدەغە دەکات و کاتیان پێ دەدات.

بەپێی نووسراوێکی نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەریی گشتیی پەروەردەی سلێمانی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ئاگادار دەکاتەوە، هیچ فشارێک لە قوتابییان نەکەن بۆ پۆشینی جلی یەکپۆشی و تاوەکو 10ی 10ـی 2026 مۆڵەتیان پێ بدرێت.

نەژاد عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە نابێت فشار لەسەر قوتابییان لە باخچەکانی منداڵان، قوتابخانە و خوێندنگەکان دروست بکرێت بۆ پۆشینی ڕاستەوخۆی جلی دیاریکراوی وەزارەتی پەروەردە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێگریکردنە لە دروستبوونی هەڵئاوسان و گرانبوونی نرخ لە بازارەکاندا، هاوکات بۆ بەرگریکردنە لە زەرەرمەندبوونی دارایی خێزانەکان لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا.