سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا کرد بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە.
ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەت بڵاوی کردەوە، شاندەکەی فەرەنسا بە سەرۆکایەتیی سیناتۆر نیکۆل دۆرانتۆن، سەرۆکی کۆمیتەی دۆستایەتیی فەرەنسا و عێراق، و بە بەشداریی هەردوو سیناتۆر ڕێمی فێرۆ و ئۆلیڤیێ بیتز، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان لە هەولێر پێشوازیان لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی میوان دۆستایەتیی دێرینی نێوان فەرەنسا و گەلی کوردستانیان بەرز نرخاند و بەردەوامیی هاوبەشیی ستراتیژیی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، مەسرور بارزانی لە بەرامبەردا پێزانینی هەرێمی بۆ هاریکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی پاریس دەربڕی.
بەشێکی گرنگی دیدارەکە بۆ بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی خێراکردنی پرۆسەی سیاسی، لەم چوارچێوەیەدا، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێویستییەکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان نرخێندرا.
فەرەنسا لە دەیەکانی ڕابردوودا یەکێک لە سەرەکیترین هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان بووە و هەمیشە ڕۆڵی دیاری لە پاراستنی سەقامگیریی و پشتگیریکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە گۆڕەپانی عێراقدا گێڕاوە.