ئەم دەقە سەر بە قوتابخانەی شیعرییەتی مۆدێرن و ئەدەبیاتی بوونگەرایییە، کە تێیدا چەمکە زمانەوانی و فەلسەفییەکان ئاوێتەی قەیرانی ناسنامە و برینی بوون کراون. لە ڕێگەی گوتارێکی مانیفێستییەوە نامۆبوونی مرۆڤی سهدهی نوێ لە نێوان شار، جەنگ و ونبوونی مانادا بەرجەستە دهكات. زمانی پەیڤینەکە خاوەن بارگەیەکی مێتافۆریی چڕە و سنووری نێوان پەخشانی ئەدەبی و وێنەی قووڵی شیعری تێکەڵ دەکات.
پهخشانهشیعر (دهقی واڵا)
نووسینی: نههرۆ جهرجیس
مانیفێستی خۆڵەمێش: گەشتێک بەناو ڕێزمانی نەبووندا
1- وێستگەی بێدەنگی
لێرەم؛ لە ڕێگەیەکی تاریک، چۆڵ و خەمگین کە بانگم دەکات بۆ پیاسەیەک. لە ئاوێنەکەوە مانگ دەبینم؛ شەوە... درەنگە... جوگرافیا لوولم دەدات. لەسەر لێواری دڵتەنگییەکی دێریندا، وەک پاشماوەی کەشتییەک کە دەریا لە بیری خۆی بردبێتەوە، وەستاوم. من لەناو ئەو وشانەدا دەژیم کە هێشتا نەوتراون؛ بەدوای ناوێکدا دەگەڕێم کە لە ئاوێنەکەوە مانگم نیشان بدات. لێرە هەناسە تامی خۆڵهمێشییه و پیاوەکان كهیفییان به ڕووبار نایهت؛ ڕووبار مانیفێستی ڕۆیشتنە و ئەمان خۆیان به چهرچهفی مانهوهیهكی ساخته داپۆشیوه.
لە ژوورێکدام کە دیوارەکانی بۆنی بارانیان لێ دێت، کاتژمێرەکە وەک زریانێکی ماندوو، چرکەکان لە گەرووی مندا بە ئومێدی خنکانم دەنێژێت. دەڕوانم و دەبینم؛ مانگ وەک ماندووترین پەنابەر دەگەڕێتەوە نەفرەتخانەکەی و دەمامکێکیش بۆ زیندوومانەوە دەبەستێت. تەنیا من دەمێنمەوە و ئاسمانێکی ڕەش و لێڵ، کە وەک کراسی بەختم دڕاوە و وەک تابلۆی تەمەنم تەمومژاوییە، دەمدوێنێت.
تەنیاییم لەو جگەرە نیوەسووتاوە دەچێت کە پیاوێکی غەریب لە کەنار جادەیەکی چۆڵدا بەجێی هێشتووە. نە مەودایەک هەیە بۆ گەیشتن و نە ڕێگەیەک بۆ گەڕانەوە. ئێمە پاشماوەی چیرۆکێکی نامۆین، کە لەو سەری تاریکییەوە قەرەباڵغییەکی بێدەنگ دێت و بە ئەنقەست چەند لاپەڕەیەکی لێ دەدڕێنێت. دەپرسین: بەڵام کێ دەتوانێت بە پینەی ژاوەژاو، ئەو کونە گەورەیە بپۆشێت کە مانگ لە سینەی شەودا جێی هێشتووە؟
2- هاواری دیوارەکان
لەسەر دیوارە بێدەنگەکانی ڕۆژهەڵات، سپرایەکی ڕەش برینێکی دێرین بە قسە دەهێنێت. کۆڵانە باراناوییەکان و دەنگی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەکان، شاهیدی بۆ قاسپەی یاخیبوونێک لە مێژوو دەدەن. دەستێک، ڕاستییەک دەنووسێت کە مێژوو هەوڵی شاردنەوەی دەدا: "من ئێرانی نیم!". دیوارەکان دهفتهری ڕۆژانهی كوردن؛ به چەند پیتێک لەسەر چیمەنتۆ، پەیامی ناسنامەیەکی کوژراو دەکێشن.
ئەی ئەو ژنەی لە تەنیاییی غوربەتی ئەبەدیی مندا چرای قەرەباڵغی دەکوژێنیتەوە و ناهێڵیت شەو کۆتاییی بێت! دەڕژێیتە غەریبییەکی کۆن و لە ئاسمانە دۆڕاوەکەمەوە دەچۆڕێیتە ناو دڵم، بەرەو نەهامەتییەکی زۆر ئاوەدان لوولم بدە. ئەی ئەو ژنەی لەناو بێهوودەییی پیاسەیەکی مندا دەژیت! دەڵێیت نیشتمانیت و لەناو جانتایەکی دڕاودا هەڵتگرتووم؛ لەوێ لە هەر وێستگەیەکدا پارچەیەک لە ڕۆحی خۆمم لێ بەجێ ماوە. من و تۆش نە دەبین بە خۆڵەمێش و نە با دەتوانێت لێک جودامان بکاتەوە.
3- شار
هاوڕێم، شارەکەت وێران بوو؛ خەونەکەت کەوتە ژێر داروپەردوو و مووشەک. لێرە مێژوو، عەرەبانەیەکی شڕە لەسەر لێواری شەقامێکی چڵکن، پیاوێک بە تەنیا پاڵی پێوە دەنێت بەرەو ناو جەستەی پاییزێکی کڕ. ئێمە پیتەکانمان لەناو گیرفانی پانتۆڵەکانماندا ون کرد؛ ئێستا زمان تەنیا برینێکی سوێرە. باران تۆزی شەقامەکان دەشواتەوە، بەڵام ناتوانێت مەرەکەبی بڕیاری ڕۆحێک بسڕێتەوە. لە تەنیشت دەرگا ئاسنە داخراوەکاندا، ئەم مانیفێستە وەک پاسەوانێکی مێژوویی وەستاوە و بە گوێی ڕێبوارەکاندا دەچرپێنێت کە بەرەبەیانێکی نوێ لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات، کە ناسنامە سەپێنراوەکان کۆتایییان دێت.
4- ڕێزمانی غەریبی
عەشق ڕێزمانێکی شێواوە؛ من جێناوێکی غایبم کە هەرگیز نایەتەوە ناو ڕستەکان، و تۆش ئەو لێکدەرەیت کە تەنیا برینەکان بەیەکەوە دەبەستیتەوە. کێ دەتوانێت بە پینەی ژاوەژاو، ئەو کونە گەورەیە بپۆشێت کە مانگ لە سینەی شەودا جێی هێشتووە؟ کێ دەتوانێت ئەم مەتەڵە هەڵبهێنێت: برینێکی سپی لەسەر جەستەی پەڕاوەکان باس لە ئاڵۆزترین پیاو و ئاساییترین خانم دەکات، کە قافڵەچی نامەیەکی سووتاوی نەگەیاند و چیتر هیچ کەس گوێبیستی هیچ ترپەیەک نەبوو.
5- کۆتا ئێوارە
سەیری شەقامەکان بکە؛ پیاوەکان بوون بە ستوونی چیمەنتۆ، جەستەیان بۆنی کۆنکرێتی لێ دێت. عەشق نیگایەکی سوور و سوێرە، وای لهو سەدە گەنیوە؛ سەدەی مۆزەخانەی درۆکان و مۆمیاکردنی مرۆڤدۆستییه.
کاتی ئەوەیە چراکە بکوژێنمەوە؛ تا ڕەنگی تاریکی بنووسمەوە. لێرە، لەم خاڵی کۆتایییەدا، تەنیا سپێتییەک هەیە کە وەک کفنێکی سارد، باوەشی بە هەموو شتێکدا کردووە. نائومێدی هێشتا وەک مێروولەیەکی ڕەش بەسەر لاپەڕەکاندا دەگەڕێت و دەیەوێت پاشماوەی ڕۆحی من بدۆزێتەوە و نازانم دواجار کەی دەنیشێتەوە و ئەم حەکایەتەش دەسووتێنێت.