دەستەی دەستپاکی عێراق تۆڕێکی مەترسیداری گەندەڵیان دەستگیرکرد کە خاوەندارێتی زیاتر لە 170 مووڵک بە بەهای زیاتر لە دەیان ملیار دیناریان شاردووەتەوە.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی عێراق بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوونی ورد توانرا تۆڕێکی مەترسیداری گەندەڵی کە نۆ تۆمەتبار بوون دەستگیربکرێن، و دەستیش بەسەر زیاتر لە 170 موڵک لە پارێزگاکانی بەغدا و بابل گیراوە کە بەهاکەیان بە دەیان ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
دەستەکە دەڵێت: '' لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە سەرۆکی تۆڕەکە بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی شارەدێی ئەبی غەرەقە و پێشتریش پۆستی بەڕێوەبەری تاپۆی مەنسوور لە بەغدا و پارێزگای بابلی بەڕێوەبردووە، تۆڕەکە بە مەبەستی خۆدزینەوە لە پشکنینی دارایی و شاردنەوەی خاوەندارێتییە راستەقینەکەیان، سەرجەم موڵکەکانیان بە ناوی خزم و هاوڕێکانیانەوە تۆمار کردووە''.
دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرای کرد، تۆمەتباران دوای هەستکردن بە ئاشکرابوونیان هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەنامە و دۆسیە فەرمییەکانیان دابوو، بەڵام دوای بەدواداچوون توانرا بەشێک لە بەڵگەنامەکان بدۆزرێنەوە کە لەناو جانتایەکدا لەنێو پوش و پەڵاش و گیادا شاردرابوونەوە.
هاوکات، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە بابل، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم بەڵگەنامە و دۆسیەکانی دەرکردووە و تۆمەتبارانیش بەپێی ماددەکانی 289 و 298 لە یاسای سزادان دەستگیرکراون، و تیمی کۆمیسیۆنیش بە هاوکاری لەگەڵ شانەی هەواڵگری دەستیان کرد بە بەدواداچوونی ئەم فایلانە ئەمەش دوای وەرگرتنی زانیاری کە تۆمەتباران هەوڵی شاردنەوە و فڕێدانیان داوە.