دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشیی هەولێر بڕیاری دا کورسییەکانی یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری بە هەمان ڕەنگی پێشووتر (زەرد و ڕەش) بگۆڕدرێت.
کەمێک لەمەوبەر یانەی وەرزشیی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کۆمپانیای جێبەجێکار نموونەی ڕەنگی کورسییە نوێیەکانی پێشکەش کردبوو و لە لایەن کارگێڕییەوە پەسەند کرابوو، بەشێک لە هاندەران ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوایان کرد ڕەنگە سەرەکییەکانی یاریگا کە زەرد و ڕەشن وەک خۆیان بمێننەوە.
کارگێڕیی یانەی وەرزشیی هەولێر ئاشکرای دەکات، لەبەر ڕێز و گرنگیدان بە دەنگ و خواستی هاندەران، بڕیار درا کورسییەکانی یاریگا بە هەمان ڕەنگەکانی پێشووتر، واتە زەرد و ڕەش، بگۆڕدرێن.
لە کۆتاییدا یانەی هەولێر هاندەرانی بە خاوەنی ڕاستەقینە و بەشێکی دانەبڕاو لە مێژوو و ناسنامەی یانەکە دەناسێنێت.