توێژینەوە نوێیەکان دەری دەخەن کە خەوتن بۆ ماوەیەکی درێژ، پەیوەندیی بە زیادبوونی مەترسیی مردنی پێشوەختەوە هەیە.
لە توێژینەوەیەکی نوێی گۆڤاری 'سڵیپ ڕیسێرچ'دا هاتووه، توێژەرانی تایوان لە ماوەی 30 ساڵدا بەدواداچوونیان بۆ دۆخی خەوتنی زیاتر لە 3 هەزار کەس کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە خەوتنی زۆر، مەترسیی مردنی پێشوەختە زیاد دەکات؛ ئەو کەسانەی ڕۆژانە زیاتر لە 9 کاتژمێر دەخەون، ڕێژەی مردنیان بەرزترە بەراورد بەوانەی لەنێوان 7 بۆ 8 کاتژمێر دەخەون.
توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە کەمترین ڕێژەی مردن لەناو ئەو کەسانەدا تۆمار کراوە کە 7 بۆ 8 کاتژمێر دەخەون، کە لە هەر 1000 کەسێکدا 10.57 حاڵەتی مردن بووە. بەڵام لەناو ئەو کەسانەی کەمتر لە 6 کاتژمێر دەخەون ڕێژەکە بەرز بووەتەوە بۆ 10.97 حاڵەت، لە کاتێکدا لەنێو ئەو کەسانەی زیاتر لە 9 کاتژمێر دەخەون، ڕێژەکە گەیشتووەتە 11.27 حاڵەت.
هاوکات توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەسانەی زۆر دەخەون، زیاتر ئەگەری هەیە تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و هەوکردن ببن؛ ئەمەش هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی چەندین کێشەی تەندروستی، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پێشتریش، زۆر خەوتن بەستراوەتەوە بە چەند کێشەیەکی تەندروستییەوە، لەوانە: نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم، قەڵەوی و تێکچوونی بیرەوەری. هەر بۆیە بەگشتی ئامۆژگاریی بەساڵاچووان دەکرێت کە هەموو شەوێک لەنێوان 7 بۆ 9 کاتژمێر بخەون.