ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی نێودەوڵەتیی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان، بەهۆی ناکۆکی لەسەر شێوازی دابەشکردنی داهاتە گومرگییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.

 
ئەمڕۆ سەلوان تەها، ئەندامی لێژنەی دەروازە سنوورییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لێژنەیەکی هاوبەش سەردانی خاڵە سنوورییەکانی کردووە و لەسەر چارەسەری کێشەی لێخۆشبوونی گومرگی گەیشتبوونە ڕێککەوتن.

 
بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقەوە پەسەند کرابوو، بڕیار بوو دوو هەژماری بانکی بکرێنەوە و داهاتی خاڵە سنوورییەکان بە ڕێژەی 50 بە 50 لە نێوان هەرێم و بەغدا دابەش بکرێت.

 
سەلوان تەها ڕوونی کردەوە، لە کاتی خستنەدەنگدانی ئەم پڕۆژەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران، لەلایەن فالح ساری، وەزیری داراییەوە بەربەست خراوەتە بەردەم پرۆسەکە و داوای کردووە سەرجەم پارەکە سەرەتا بگاتە خەزێنەی بەغدا و دواتر بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو مەرجەی وەزیری دارایی عێراقی بە تەواوی ڕەت کردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی بڕیاری کۆتایی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا لە سێ قۆناغ پێکدێت، ئێستا قۆناغی یەکەم لە بەغدا جێبەجێ کراوە و ئامادەکاری بۆ قۆناغی دووەم دەکرێت تا پەرە بە ژێرخانی دیجیتاڵیی دەروازە سنوورییەکان بدرێت.

 
سیستەمی ئەسیکۆدا، پرۆگرامێکی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ بەدیجیتاڵکردنی تەواوی مامەڵە گومرگییەکان و ڕێگریکردن لە گەندەڵی، هەرێمی کوردستان و بەغدا چەندین ساڵە لە گفتوگۆدان بۆ یەکخستنی پێناسەی گومرگی و ڕێکخستنەوەی داهاتی دەروازەکان لە چوارچێوەی دەستووردا.