ژنێک لە شاری هەولێر كه‌ ته‌مه‌نی زیاتره‌ له‌ 45 ساڵ‌، بەهۆی خەمی کوژرانی براکەی لە شەڕەکەی کۆمەڵگەی بەنێناندا، جەڵتە لێی دا و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. ئەم کارەساتە تەنیا دوو ڕۆژ دوای کوژرانی برا پێشمەرگەکەی دێت کە لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیدا درابووە بەر دەستڕێژی گولـلە.

 

ئەمڕۆ سەرچاوەیەک بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، پەروین سەعید ساڵح دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی براکەی، دەستبەجێ باری تەندروستیی تێکچووە و تووشی جەڵتە بووە. ناوبراو دایکی دوو منداڵە و دوای مانەوەی دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ گیانی سپارد.

 

براکەی بە ناوی هاوار سەعید ساڵح، تەمەنی 37 ساڵ و باوکی 5 منداڵ بوو، کە لە ڕێکەوتی 14ی 9ی 2026 لە کۆمەڵگەی بەنێنانی سەر بە ناحیەی دارەتوو لە سنووری قەزای بەردەڕەش کوژرا.

 

بەپێی زانیارییەکان، شەڕەکە لەسەر کێشەیەکی کۆنی زەویوزار بووە و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر تەقەکردن لەنێوان دوو بنەماڵەکەدا بەردەوام بووە، کە لە ئەنجامدا هاوار گیانی لەدەست دا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.