چەکدارێک لە دەرەوەی قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە ڕۆژئاوای تورکیا تەقەی کوێرانەی کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 5 کەس بریندار بوون، دواتریش هێزە ئەمنییەکان هێرشبەرەکەیان دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ نووسینگەی پارێزگاری مانیسای تورکیا ڕایگەیاند، چەکدارێک لە کاتی دەستپێکی دەوامی بەیانیانی قوتابخانەیەکی پارێزگاکە دەستی بە تەقەکردن کردووە و ڕایکردووە، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگاکە، چەکدارەکە بە شێوەیەکی کوێرانە لەبەردەم قوتابخانەکە تەقەی کردووە و بەهۆیەوە 8 کەس بریندار بوون کە یەکێکیان قوتابیی قوتابخانەکە بووە، هۆکاری ئەم تەقەکردنەش تا ئێستا دیار نییە.
کەناڵە ناوخۆییەکانی تورکیا لەوانە ئاژانسی ئیخلاس و کەناڵی ئێن تی ڤی (NTV) ئاشکرایان کرد، کامێراکانی چاودێریی گرتەی هێرشبەرەکەیان تۆمار کردووە، کاتێک بە چەکەوە بە شەقامەکەدا دەڕوات و پاشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەبەردەم قوتابخانەکە دەستگیر دەکرێت.
ئەم هێرشە تەنها ڕۆژێک دوای واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵێکی نوێی ئەمنیی نێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هات بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027، مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، پێشتر جێگیرکردنی 31 هەزار چاودێری ئەمنی و دانانی پۆلیسی هەمیشەیی لەو ناوەندانە ڕاگەیاندبوو کە مەترسیی ئەمنییان لەسەرە، ئەم هەنگاوانە پشکنینی پاسی گواستنەوەی قوتابییان و بەدواداچوون بۆ باڵەخانە چۆڵەکانی دەوروبەری قوتابخانەکانیش لەخۆ دەگرن.
ڕووداوی تەقەکردن لە ناوەندەکانی خوێندنی تورکیا دەگمەنە، بەڵام پاش گیانلەدەستدانی 10 کەس لە مانگی نیسانی ڕابردوودا لە قوتابخانەیەکی باشووری ئەو وڵاتە بەهۆی تەقەکردن لەلایەن کوڕێکی 14 ساڵ، حکوومەتی تورکیا بەڵێنی توندکردنەوەی چاودێریی سەر چەکهەڵگرتنی هاووڵاتییان داوە.