دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت چڕتر بوونەتەوە و ئۆپۆزسیۆن و لایەنە دەسەڵاتدارەکانیش بڕیاری خۆیان یەکلا دەکەنەوە.



هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لەسەر بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو جیاوازە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار دەکاتەوە، هەروەها مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بە نزیکبوونەوەی هەواڵی خۆش لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەکات.



هەرچەندە لە دوای هەڵبژاردنەکان چەندین جار کۆبوونەوەی ئاستی باڵا لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بەڕێوەچووە بەڵام نەتواندراوە بگەنە ڕێککەوتن.


 
ئەمڕۆ هیمداد شاهین، گوتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوای ڕێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەک نەوەی نوێ بە هیچ شێوەیەک بەشداریی حکومەتی نوێی هەرێم ناکەین و بە ئۆپۆزسیۆنیی دەمێنینەوە.



پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانەوە دواکەوتووە، کە تێیدا پەرلەمان جگە لە دانیشتنی سوێندخواردنی یاسایی، نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت.



لای خۆیەوە د. سەڵاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەوان وەکو هەڵوێستی پێشووتریان بەردەوام دەبن و بە ئۆپۆزسیۆنی دەمێننەوە، هاوکات بەشداری لە حکومەت ناکەن.



د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بڕیاردان لە بەشداریکردنی حکومەت جارێ زووە چونکە تاوەکو سەرۆکاییەتی هەرێم و پەرلەمان پێکنەیەت ئەوان بڕیار نادان، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن ڕێکارەکان ئەنجام بدرێت، هەروەها بۆ بەشداریکردن لە پەرلەمان پێویستە هەرچی زووە کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت.


 
لە ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.



محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ناکەن، تەنانەت بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانیش ناکەن.



عەلی حەمە ساڵی، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵویست بڵاویکردەوە، وڵاتێکی دیکە یەکێتیی و پارتی ڕێکدەخات بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەروەها خەڵکی دیکە بەشداری پێناکرێت و سەرۆکی هەرێم و حکومەت بۆ پارتییە.



بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، 95 کورسییە گشتییەکەی پەرلەمان بە سەر پارتی (39 کورسی)، یەکێتی (23 کورسی)، نەوەی نوێ (15 کورسی)، یەکگرتوو (7 کورسی)، ڕەوتی هەڵوێست (4 کورسی)، کۆمەڵ (3 کورسی)، بەرەی گەل (2 کورسی)، هاوپیەیمانیی هەرێمی کوردستان (1 کورسی) و گۆڕان (1 کورسی) دابەش بوون.


 
 دلێر عەبدولخالق، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بزووتنەوەکەیان لە پێشووتردا لە کۆبوونەوەی چڤاتی نیشتیمانی کوردستان بڕیاری بەشدرای نەکردنیان داوە، بەڵام بۆ ئێستا ئەگەر هەیە گۆڕانکاری ڕووبدات.



لە کۆتاییدا شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل بە پایتەخت میدیای راگەیاند، هیوادارن دامەزراوە فەرمییەکان کاری خۆیان بکەن و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکومەت پێک بهێندرێت، بەڵام وەکو بەرەی گەل جارێ هیچ بڕیارێکیان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت نەداوە، هەروەها هەرکاتێک پەرلەمان کۆبوونەوە ئەنجام بدات ئەوا بەشدار دەبن.