گرووپێکی چەکداری حەشدی شەعبی لە بەغدا دوو گەنجی خەڵکی هەولێر کە یەکێکیان کورده‌ و ئەوی تریان کریستیانە، بە تۆمەتی ساختەی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ڕفاندووە و سزای زیندانیی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپاندوون.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، ڕووداوەکە لەوەوە دەستی پێکردووە کە ساڵێک لەمەوبەر گەنجێکی کوردی دەرچووی زانکۆ لە هەولێر لە کۆمپانیایەکی مەدەنیی ئەمریکی دادەمەزرێت. دواتر لە لایەن هاوڕێیەکی عەرەبی خەڵکی مووسڵەوە بە نییەتی داوەتکردن و میوانداری بۆ شاری مووسڵ بانگهێشت دەکرێت، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک لە گەیشتنی بە مووسڵ لەگەڵ هاوڕێیەکی کریستیانی خەڵکی بەرتلە کە دانیشتووی هەولێرە، لە لایەن گرووپێکی چەکداری موقاوەمەی ئیسلامی دەڕفێندرێن.

 

پاش هەفتەیەک لە بێسەروشوێنبوونیان، گرووپە چەکدارەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هەردوو گەنجەکەیان بە جلی پرتەقاڵییەوە پێشان داوە و تۆمەتی ئەوەیان داوەتە پاڵیان کە گوایە دوو ئیسرائیلییان لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کردووە. لە ئێستادا هەردوو ڕفێنراوەکە لە بەندیخانەی سەدرولقەناتی بەغدان کە بەندیخانەیەکی نهێنیی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبییە و لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دادی عێراقدا نییە.

 

باوکی یەکێک لەو دوو گەنجەی هەرێمی کوردستان کە لە بەغدا زیندانی کراون، زانیاریی نوێ و شۆکهێنەری لە بارەی ئەشکەنجەدانی کوڕەکەی و هاوڕێ کریستیانەکەی لە ناو بەندیخانەی سەدرولقەنات ئاشکرا كردووه‌ و ڕایگەیاندووه‌، دادوەری دادگای کەرخ لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بە دەستی خۆی لە کوڕەکەی داوە و میلیشیاکانیش دەست و لووت و پەنجەی پێی کوڕەکەیان شکاندووە و داوای زیاتر لە 1 ملیۆن دۆلار وەک فیدیە بۆ ئازاد كردنی دەکەن.

 

باوکی گەنجە کوردەکە باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ کوڕەکەی ناوی محەممەدە و لەگەڵ هاوڕێیەکی کریستیانی بە ناوی زەید موەفەق سادق، لە ساڵی 2022ـەوە لە بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و لە کۆمپانیایەکی مەدەنیی تایبەت بە دابەشکردنی فیزەی گەشتیاری کاریان کردووە.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی لە لایەن هاوڕێیەکی عەرەبیانەوە بۆ مووسڵ بانگهێشت کراون، کاتژمێر 02:04ی دوانیوەڕۆ هێڵەکانی پەیوەندییان پچڕاوە و دواتر لە لایەن هێزێکی ئەمنیی سەر بە حەشدی شەعبییەوە گوازراونەتەوە بۆ بەغدا.

 

باوکی محەممەد جەختی لەوە کردەوە، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای کەرخی بەغدا بە ناوی جەبار عەبدوللی ئەشکەنجەی کوڕەکەی داوە و تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل داوەتە پاڵیان، لە کاتێکدا ناوبراو هیچ زمانێکی بیانی نازانێت و لە ماوەی 1 مانگدا لە لایەن دادگای کەرخەوە سزای زیندانیی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە.

 

ئاشکرای کردووه‌، كه‌ تا ئێستا زیاتر لە 18 دەفتەر دۆلار (180 هەزار دۆلار)ی لە لایەن چەکداران و پارێزەرانەوە لێ سەندراوە، لەوانە 35 ملیۆن دینار و 65 وەرەقە لە لایەن پارێزەرێکی نزیک لە عەسائیب و حزبوڵڵا بە ناوی ڕێککەوتنی ساختە لەگەڵ عەقیدێکی عێراقی لێی براوە، هاوکات بۆ هەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 10 خولەکی لەنێوان 500 هەزار بۆ 1 ملیۆن دیناری لێ وەرگیراوە.

 

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە مانگی 5دا نووسراوی فەرمیی بۆ گواستنەوەی ڕفێنراوەکان بۆ گرتووخانەی تەسیفات لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی سەدرولقەنات کە بەندیخانەیەکی تایبەت بە ئەمنی حەشد و چەکدارەکانە فەرمانەکەی جێبەجێ نەکردووە.

 

لە ئێستادا باوکی قوربانییەکە داوای بەهاناوەچوون لە سەرۆک بارزانی دەکات تا دەستوەردان بکات بۆ ڕزگارکردنی کوڕەکەی کە لە بارودۆخێکی تەندروستیی ئێجگار مەترسیداردایە.