وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دەدات لە ڕاگواستنی زۆرەملێی تەواوی دانیشتووانی شاری غەززە و دەربەدەرکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس، لە ئەگەری ڕفاندنی هەر سەرباز یان هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی لە داهاتوودا.
ئەمڕۆ ئیسرائیل کاتز لە ڕێوڕەسمی یادی جەنگی 1973ـی یۆم کیپور، هەڕەشەی لە ڕاگواستنی زۆرەملێی تەواوی دانیشتووانی شاری غەززە، وێرانکردنی ژێرخانی شارەکە و دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکەی کرد لە ئەگەری هەر بەبارمتەگرتنێکی سەربازەکانی ئیسرائیل.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە گوتارەکەیدا بزووتنەوەی حەماس، لایەنگرانی لە ئێران و سەرۆکی تورکیای لە ئەنجامدانی هەر کردەیەکی بەبارمتەگرتنی سەربازەکانیان ئاگادار کردەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە زمانی تێگەیشتن لەگەڵ هێزەکانی غەززە و حزبوڵڵای لوبنان بریتییە لە چۆڵکردنی هاووڵاتییان بۆ باشوور، ڕووخاندنی ژێرخان و دەستبەسەرداگرتنی خاکی زیاتر.
بەپێی ئامارەکانی شارەوانیی شاری غەززە، نزیکەی 1.1 ملیۆن مرۆڤ لە شارەکەدا نیشتەجێن، زۆربەی دانیشتووانی کەرتی غەززەش بەهۆی بەردەوامیی شەڕەوە و تێکدانی ناوچەکانی نیشتەجێبوون، لە ڕووبەرێکی زۆر کەمدا کۆکراونەتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، هەڕەشەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، ئامادەن هێرشی سێیەم بۆ سەر تاران ئەنجام بدەن تا لەناوبردنی تەواوەتیی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، کە ڕازیبوونی وڵاتەکەی بە ئاگربەستەکانی پێشوو تەنها بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بووە و پێشبینی دەکرێت شەڕێکی سەرتاسەری دەست پێ بکاتەوە، ئەم هەڵوێستانە هاوکاتن لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە 27ـی تشرینی یەکەمدا، لە کاتێکدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ناوخۆیی بووەتەوە.
لە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 کە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 1,200 کەسی لە ئیسرائیل لێکەوتەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 74 هەزار فەلەستینی و ئاوارەبوونی زۆرینەی دانیشتووانی کەرتی غەززە.