لەکاتێکدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە نیویۆرک، سەرۆكی شارەوانی شارەکە دووبارە ڕەخنەی تووندی لێ گرت و هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی وروژاند.

زەهران مەمدانی، سەرۆکە موسڵمانەکەی شارەوانی نیویۆرک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'سی ئێن ئێن' بنیامین نەتەنەیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە "تاوانی جەنگ" تۆمەتبار کرد و بە "ئەندازیاری جینۆساید" لە دژی خەڵکی فەڵەستین لە قەڵەمی دا.

سەرۆكی شارەوانی نیویۆرک سەرەڕای لێدوانەکانی لەبارەی دەستگیرکردنی نەتەنیاهو "ئەگەر بێتە نیویۆرک"، لە چاوپێکەوتنەکەدا گووتی: "ڕاستە لە ڕابردوودا گووتم دەستگیری دەکەم، بەڵام ئەو دەسەڵاتەم نییە."

زەهران مەمدانی پێشووتر لە بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانی نیویۆرک بەڵێنی دابوو کە ئەگەر نەتیاهو سەردانی شارەکە بکات، پۆلیسی شارەکە ئاگادار دەکاتەوە تا دەستگیری بکەن، بەڵام دواتر لە لێدوانێکی ڤیدیۆیی دا دانی بەوە نا کە دەسەڵاتی یاسایی نییە بڕیاری 'دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی' دەربکات، بۆیە داوای لە حکومەتی فیدڕاڵی کرد بەم کارە هەڵبستێت.

لە ساڵی 2024 دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ICC بەتۆمەتی ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دژی خەڵکی فەڵەستین، لەکاتی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر لە دژی بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ نەتەنیاهو و یوئاڤ گاڵانت، وەزیری ئەوکاتەی بەرگری ئیسرائیل دەرکرد.

لەبارەی بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، زەهران مەمدانی جەختی لە سەروەری یاسا کردەوە و گووتی: "ئەگەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کەسێک بە شایستەی دەستگیرکردن بزانێت، ئێمە کێین بڵێن لایەنێک لەسەرووی ئەم دەسەڵاتەوە هەیە؟ پێموایە دەبێت هەموو کەسێک ڕووبەڕووی ئەو بەرپرسیارەتییە بکرێتەوە."

وابڕیارە نەتەنیاهو ڕۆژی پێنجشەممە 24-9-2026 لە 81ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک بەشدار بێت. ژمارەیەک لە خۆپیشاندان لە دژی ناوبراو لە شارەکە لەگەڵ گەیشتنی ڕێکخراون، بەڵام زەهران مەمدانی ڕەتی کردووەتەوە خۆی لە خۆپیشاندانەکان بەشدار بێت، سەرەڕای ئەوەی پێشووتر هانی خەڵکی دەدا خۆپیشاندان لە دژی نەتەنیاهو ئەنجام بدەن.