زانیارییە بەربڵاوەکانی میدیاکان لەسەر دۆسیەی لاهور تاڵەبانی و پشتکردنی ڕێبوار حامید حاجی غالی لە لاهور تاڵەبانی میدیاکانی تەنیوە، بەڵام پایتەخت میدیا لە سەرچاوەی فەرمی و بە پشتبەستن بە زانیاری دروست، ڕاستییەکان دەخاتەڕوو.
تادێت زانیاری نوێتر لەسەر دۆسیەی لالەزار ئاشكرا دەبێت، زانیارییەکان باس لە پەشیمان بوونەوەی ڕێبوار حامید حاجی غالی دەکەن لە بەرەی لاهور تاڵەبانی و بەقسەی خۆی( ڕێبوار حامید حاجی غالی) ئەو ڕێبوار قودرەتی لە پێکانی ئامانجەکەی پەشیمان کردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆ پێنجەمین جار دانیشتنی دادگاییکردنی هەر یەکە لە لاهور تاڵەبانی، پۆڵاد تاڵەبانی و ڕێبوار حامید حاجی غالی بەڕێوەچوو و لە دانیشتنەکەدا، لەسەر ئەوەی هەوڵی کودەتا دژی بافڵ تاڵەبانی هەبووە، وتەیان لێ وەرگیرا.
زۆرینەی میدیاکان، پێشوەختە و بەبێ سەرچاوەی فەرمی، زانیارییان لەبارەی دانیشتنی دادگاییکردنەکەوە بڵاوکردەوە، بەڵام پایتەخت میدیا بە بەدواداچوون و وردبوونەوە لە دۆسیەکە، دانیشتنی ئەمڕۆ و گفتوگۆ لەگەڵ تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی، زانیاریی پشتڕاستکراوە و فەرمیی دەستکەوتووە.
ژینۆ ئیبراهیم و دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی ناوەرۆکی وتەی تۆمەتبارانیان بۆ پایتەخت میدیا ئاشکرا کرد.
بەپێی وتەی ژینۆ ئیبراهیم، ڕێبوار حامید حاجی غالی لە دادگا ڕوونی کردووەتەوە کە لەسەر داوای لاهور تاڵەبانی سەردانی شوقەکانی سیتی تاوەرز کردووە و لەوێ ڕێبوار قودرەتی بە قەناسەوە بینیوە لەگەڵ درۆنێکدا و تێگەیشتووە هەوڵی کودەتا هەیە، قەناسەکەی تێکداوە بۆ پێکانی ئامانجەکەی.
لەلایەکی دیکەوە لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی لە وتەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای گەیشتنی زانیاری لەسەر هەوڵی کودەتا بۆ سەر ماڵی مام جەلال، چەند کەسێکیان ناردووە بۆ شوقەکان بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە هێرۆ خان و ماڵی مام جەلال و ڕێگریکردن لە کودەتا.
بەپێی وتەی دانا تەقیەدین، ڕێبوار حامید حاجی غالی درکاندوویەتی کە لاهور تاڵەبانی فەرمانی پێ کردووە پارێزگاری لە ماڵی مام جەلال بکەن، بەو پێیەی هێرۆ خان هێڵی سوورە و وەک دایکی ئەوان وایە.
لاهور تاڵەبانی باسی لەوە کردووە، پێشتر زانیارییان پێ گەیشتووە لەناو هێزە سەربازییەکانی یەکێتییدا هەوڵی کودەتا بۆ سەر ماڵی مام جەلال هەیە، بەو هۆیەوە قوباد تاڵەبانییان لەم هەوڵە ئاگادار کردووەتەوە.
دانا تەقیەدین جەختی لەوەشکردووەتەوە، کە لاهور تاڵەبانی گوتویەتی، ئەگەر مەبەستی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی بووبێت، ئەوا لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەیکوشت، بەڵام کارێکی وەهای نەکردووە.