پارتی دەسەڵاتداری ڕووسیا زۆرینەی ڕەهای کورسییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی مسۆگەر کردەوە، ئەمەش لە هەڵبژاردنێکدا هات کە زۆربەی نەیارانی دەسەڵات و دەنگە ناڕازییەکانی دژبەری جەنگ پەراوێز خرابوون.
ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ڕووسیا ڕایگەیاند، پاش جیاکردنەوەی زیاتر لە 95%ی دەنگەکان، پارتی (ڕووسیای یەکگرتوو)ی سەر بە کرێملین توانیویەتی نزیکەی 58%ی دەنگەکانی لیستی حیزبەکان بۆ پڕکردنەوەی نیوەی کورسییەکانی دۆما بەدەست بهێنێت.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی (ڕووسیای یەکگرتوو) نزیکەی 355 کورسی لە کۆی 450 کورسیی ئەنجوومەنی دۆمای دەوڵەت بەدەستهێناوە، ئەمەش وادەکات دەسەڵاتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و هاوپەیمانی ئەم حیزبە، لەناو پەرلەمانی ڕووسیادا زیاتر بێت.
ئیلا پامفیلۆڤا، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ڕووسیا ڕوونی کردەوە، بەربژێرەکانی حیزبە فەرمانڕەواکە لە 208 بازنەی تاکەکەسیشدا لە پێشەوەن، بەمەش زۆرینەی تەواوی پەرلەمان بە دەستی هاوپەیمانانی ڤلادیمیر پووتینەوە دەمێنێتەوە.
ئەم هەڵبژاردنە بە یەکەمین پرۆسەی پەرلەمانی لە دوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکراینا لە ساڵی 2022 دادەنرێت، هەروەها چوار ناوچەی کۆنترۆڵکراوی ئۆکراینا و نیمچەدوورگەی قرمیشی گرتەوە، ئەمەش وای کرد کیێڤ تەواوی پرۆسەکە بە نایاسایی و پووچەڵ ناو ببات.
لە قۆناغی پێش دەنگدانیشدا، دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ بەربەستی توندیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن دروست کرد و پارتی لیبراڵی (یابلۆکۆ) وەک تەنها لایەنی دژبەری جەنگ لە لیستی گشتی دوور خرایەوە، جیا لەوەی بەشێک لە کەسایەتییە ناڕازییەکان زیندانی کران یان ناچار بە جێهێشتنی وڵات بوون.
هاوکات مۆسکۆ ڕێگەی بە چاودێرانی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا نەدا بەشداری لە چاودێریکردنی پرۆسەکەدا بکەن، ڕێکخراوەکەش ئەم بڕیارەی بە پێشێلکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ڕووسیا وەسف کرد، بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی دۆنێتسک پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی نائاسایی و لەژێر چاودێریی سەربازە چەکدارەکانی ڕووسیادا لە نزیک سندووقەکانی دەنگدان ئەنجام دراوە.
ئەنجوومەنی دۆمای دەوڵەتی ڕووسیا لە 450 کورسی پێکدێت، نیوەی لە ڕێگەی لیستی حیزبی و نیوەکەی دیکەی بە سیستەمی بازنەی تاکەکەسی هەڵدەبژێردرێن، دەسەڵاتدارانی کرێملین ئەم جۆرە هەڵبژاردنانە بۆ نیشاندانی پشتیوانیی جەماوەری بۆ بڕیارە سیاسییەکان و دۆخی جەنگ بەکار دەهێنن.