خانمە هونەرمەندێکی کورد دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتی لە بواری هونەردا بۆ بەهێزترکردنی دیپلۆماسیی کولتووریی کورد و پێشاندانی ناسنامەی نەتەوەیی لە جیهاندا دەڕەخسێنێت.

 

ئەمڕۆ نێرگز عەزیز، خانمە میوزیکژەن و پەروەردەکاری کورد، دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی جیهانیی بە ناوی (بازنەی میوزیکی جیهان)ەوە ڕاگەیاند، کە تێیدا لەڕێگەی دیالۆگی نێوان ئامێر و شێوازە جیاوازەکانی میوزیکەوە، کولتووری کوردی لەگەڵ دابونەریتی گەلانی دیکەدا پێکەوە دەبەستێتەوە.

 

نێرگز عەزیز ڕوونی کردەوە کە جیاوازییە کولتوورییەکان بەربەست نین لەبەردەم دروستکردنی ئاوازی هاوبەشدا، بەڵکوو دەبنە هەوێنی لەدایکبوونی دەربڕینێکی نوێی هونەری، بەمەرجێک هەر میوزیکژەنێک ناسنامە و تایبەتمەندیی خۆی بپارێزێت.

 

پڕۆژەی بازنەی میوزیکی جیهان لە یەکەم هەنگاویدا بە هاوبەشی لەگەڵ مۆنس بیلنەر، میوزیکژەن و هونەرمەندی سوێدی دەستی پێ کردووە و دەبێتە دەستپێکی زنجیرەیەک بەرهەمی فرەڕەهەند لەگەڵ هونەرمەندانی وڵاتانی جیاوازی جیهاندا.

 

ئەم خانمە میوزیکژەنە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەڕێگەی ئاوێتەکردنی ئامێرە کۆن و هاوچەرخەکانەوە، لە هەوڵی بەکارهێنانی میوزیکدایە وەک هێزێکی نەرم، تا لەو ڕێگەیەوە ڕۆڵی مێژووییی کوردستان وەک ناوەندێکی پێکەوەژیانی شارستانییەت، زمان و نەریتە جیاوازەکان بە جیهان بناسێنێت.

 

نێرگز عەزیز دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانییە و ئێستا لە ئەورووپادا نیشتەجێیە؛ ناوبراو وەک پەروەردەکار و خوێندکاری بواری میوزیک و تەندروستی لە مێژووی ئامێرە جیهانییەکان دەکۆڵێتەوە و توانای ژەنینی چەندان ئامێری میوزیکیی کولتوورە جیاوازەکانی جیهانی هەیە.