پۆلیسی هەولێر، هونەرمەندی میللی نووری گەرمیانی بە فەرمانی دادوەر و بە تۆمەتی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ سهرچاوهیهكی ئاگادار ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو هونەرمەندە لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک بووە و لە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی دوێنێوە لە بنکەی پۆلیس ڕاگیراوە.
سەرچاوەكه ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە سیاسیبوونی دۆسیەکە دەکەن بەهۆی ئەوەی ناوبراو لە ساڵی 2021ەوە وەک ڕاوێژکاری هونەری لە مەڵبەندی سێی یەکێتی کار دەکات.
دووپاتی کردەوە کە بابەتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە و بەپێی یاسای قەدەغەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
بەپێی یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008ی پەرلەمانی کوردستان، سزای سەرپێچیکار لەم جۆرە دۆسیانەدا بەندکردنە بۆ ماوەی سێ مانگ تا پێنج ساڵ، یان غەرامەی دارایییە بە بڕی 750 هەزار دینار تا پێنج ملیۆن دینار.
نوورەدین عوسمان، ناسراو بە نووری گەرمیانی، لەدایکبووی ساڵی 1969ی کەرکووکە و تاوەکوو پۆلی 6ی سەرەتایی خوێندووە. ناوبراو لە ساڵی 1984 یەکەم گۆرانی و لە ساڵی 1989 یەکەم ئەلبوومی بڵاو کردووەتەوە و ئێستا کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری میوزیکە لە هەولێر.