نزیکەی 800 هەزار هاوبەش لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە بڕیاری داشکاندنی قەرزە کۆنەکانی پێش جێبەجێکردنی 'پڕۆژەی ڕووناکی' سوودمەند بوون.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، هەڵمەتی داشکاندنەکە کە لە 3ی ئاب تا 10ی ئەیلوول بۆ ماوەی 40 ڕۆژ بەردەوام بوو، بە سەرکەوتوویی کۆتاییی پێهات.

 

ئەم دەستپێشخەرییە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەرانی کارەبا لە هەموو پۆلەکاندا پەسەند کرابوو، کە تێیدا لە ڕێگەی داشکاندنێکی بێوێنەی 50%یەوە هاوبەشان لە بارگرانیی قەرزە کەڵەکەبووەکان ڕزگاریان بوو.

 

پرۆسەکە هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی 'پڕۆژەی ڕووناکی' و گواستنەوە بەرەو سیستەمێکی نوێ کە تێیدا سەرجەم هاووڵاتییان بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری، بە بەردەوامی و لە کاتی خۆیدا کرێی کارەبا دەدەن.

 

وەزارەتی کارەبا دووپاتی کردەوە کە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجی سەرەکی کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هاوبەشانی لە سەرجەم کەرتەکاندا.