عێراق بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵغی هۆڵەکانی خوێندن و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ فێربوون، زیاتر لە 10 هەزار قوتابخانەی نوێی پێویستە.
ئەمڕۆ، ڕوانگەی ئابووری عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو قوتابخانانەی کە خوێندکاران لە عێراق تێیدا دەخوێنن نزیکەی 40 هەزار دەبێت، بەڵام ئەو ژمارەیە بەراورد بە ژمارەی خوێندکاران پێداویستی ڕاستەقینە پڕناکاتەوە هەر بۆیە زیاتر لە 10 هەزار قوتابخانەی نوێی پێویستە.
ڕوانگەکە دەڵێت: ''عێراق بۆ گواستنەوەی سیستمی تاک دەوام، کە هەر ئیدارەی قوتابخانەیەک بینای سەربەخۆی خۆی هەبێت، پێویستی بە نزیکەی 8 هەزار قوتابخانە هەیە''.
ڕوانگەی ئابووری عێراق ئاشکراشی کرد، نزیکەی 200 قوتابخانەی قوڕ ماون، لەگەڵ 800 قوتابخانەی کابینە (سەندەویچ پەنەڵ) هەیە لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و زیقار کە قوتابییان تێیدا دەخوێنن.
لە درێژەی بڵاوکراوەکەی ڕوانگەی ئابووری عێراق دا هاتووە، پارێزگاکانی بەغدا، موسڵ و زیقار لەو ناوچانەن کە زۆرترین پێویستیان بە قوتابخانەی نوێ هەیە، وەزارەتی پەروەردە پێویستە هەنگاوی ڕژد بنێت بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵغی و باشترکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان.