هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دوای چەندین ساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی کێشە ژینگەییەکان، لە لیستی شارە هەرە پیسبووەکانی جیهان دەرهێندرا.
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا توانراوە شۆڕشێکی گەورە لە بواری ژینگەپارێزیدا بەرپا بکرێت و لە ساڵانی 2024 و 2025 هەولێر لە ڕاپۆرتی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بۆ شارە پیسبووەکانی جیهان دەربهێنرێت، گوتی: "پرۆسەی پاککردنەوە و پاراستنی ژینگە یەکێک لە تەوەرە بنەڕەتییەکانی کارنامەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران بووە و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەو مەبەستە ڕاسپێردراون.
لە چوارچێوەی ڕێکارە مەیدانییەکاندا، ڕێوشوێنی توند بەرامبەر سەرچاوەکانی پیسبوون گیرایەبەر، لەوانە داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاسایییەکان و ناچارکردنی پاڵاوگە فەرمییەکان بە ستانداردە جیهانییەکان، هاوشانی لێپرسینەوە لەو ئۆتۆمبێلانەی دووکەڵی زیانبەخش دەردەدەن.
هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی بووە هۆی کوژاندنەوەی زیاتر لە 6 هەزار مۆلیدەی ئەهلی و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی دووکەڵی ژەهراوی بەسەر ئاسمانی شارەکەدا، لەگەڵ پابەندکردنی چێشتخانە و کارگەکان بە مەرجە ژینگەییەکان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی سەوزایی پایتەخت لە 15% بۆ 20% بەرز بووەتەوە، هاوکات کارکردن لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر بەردەوامە و قۆناغی سێیەمی دەستی پێکردووە، ئەم پڕۆژەیە بە پانیی 2 کیلۆمەتر بە دەوری شارەکەدا دروست دەکرێت و چاندنی 7.7 ملیۆن نەمامی زەیتوون و فستق لەگەڵ 10 پۆندی ئاو لەخۆ دەگرێت، جگە لە دامەزراندنی 4 وێستگەی چاودێریی کوالێتیی هەوا و دروستکردنی 34 ملیۆن مەتر دووجا ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانەکان.
لە ساڵی 2023دا لە ڕاپۆرتی نێودەوڵەتییەکان هەولێر هاوشانی بەغدا لە ڕیزی پیسبووترین شارەکانی جیهان پۆلێن کرابوو، ئەنجامی ڕووپێوییە زانستییەکانی ئەو سەردەمە هۆشداریی توندیان لەبارەی تەندروستیی دانیشتووان و مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا دابوو.