حکومەتی عێراق کردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران بۆ جووڵەی گەشتیاران و بازرگانی دەست پێکرد.

 

ئەمڕۆ شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، پاش پێداچوونەوە بە شێوازی کارکردنی دەروازە سنوورییەکان و دیاریکردنی پێداویستییە ڕێکخستنی و هونەرییەکان، دەروازەکانی شەیب و شلامچە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بە ڕووی گەشتیاراندا کراونەتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی شانەی ئەمنیی عێراق، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ڕۆژی دووشەممە لە شلامچە، ڕۆژی سێشەممە لە مەندەلی، هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە لە شەیب دەست پێدەکاتەوە، لە کاتێکدا دەروازەکانی زرباتییە و مونزرییە بە درێژاییی ئەم ماوەیە لە کارکردن نەوەستاون.

 

داخستنی سەرەتاییی دەروازە سنوورییەکان لە پارێزگاکانی بەسرە، مەیسان و دیالە دوای هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هێڵی گواستنەوەی نەوتی سعودیە هات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەوە بەرەو کەناراوەکانی ڕۆژئاوا. دوای ئەم ڕووداوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای مەیسانی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە.

 

لە کاتێکدا گرووپەکانی نزیک لە بەرگریی ئیسلامی بێبەریبوونی خۆیان لە هێرشەکە دەربڕیوە، بەغدا بەردەوام جەخت لەسەر ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی وڵات بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکاتەوە. لە لایەکی ترەوە، حکومەتی عێراق ڕووبەڕووی گوشاری توندی ئەمریکا بووەتەوە بە مەبەستی چەککردنی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان.