بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری لە هەولێر لە ئاگادارییەکی فەرمیدا بۆ ساڵی 2026، داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە هیچ شێوەیەک منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بۆ ناو نەخۆشخانەکە نەهێنن.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، پابەندبوون بەم بڕیارە پێویستە و ڕێکارەکە لە پێناو پاراستنی تەندروستیی منداڵان و فەراهەمکردنی کەشێکی هێمن بۆ چاکبوونەوەی خێرای نەخۆشەکانە.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ژینگەی نەخۆشخانە پڕە لە ڤایرۆس و بەکتریای گوازراوە و هێنانی منداڵ مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان زیاد دەکات.
هەروەها نەخۆشخانەکە هۆشداری داوە کە قەرەباڵغی لە هۆڵ و ژوورە پزیشکییەکاندا کارکردنی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی قورس دەکات و پڕۆسەی چارەسەرکردنی نەخۆشەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خاو دەکاتەوە.
نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری لە هەولێر یەکێکە لە گەورەترین ناوەندە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان و بەهۆی زۆریی سەردانکەرانەوە بەردەوام ڕێکاری نوێ بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی دەگرێتە بەر.