وڵاتی سوید هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، ئەنجوومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکان بەڕێوە دەبات، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامەکان کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر ئاراستەی سیاسیی داهاتووی وڵاتەکە دابنێن.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) ڕایگەیاند، دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری سوید بە ڕووی دەنگدەراندا کرایەوە لە پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی چارەنووسسازدا بە بەشداریی زیاتر لە 200 بەربژێری کورد. ئەم بەربژێرە کوردانە لە هەر سێ ئاستی پەرلەمان، ئەنجوومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکاندا کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکان دەکەن.
بەهۆی نیشتەجێبوونی نزیکەی 170 هەزار کورد لەو وڵاتەدا، کورد بووەتە بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەی دانیشتووانی سوید، دەنگی ڕەوەندی کوردیش وەک کارتێکی بەهێز و یەکلاکەرەوە لەم ململانێیەدا سەیر دەکرێت و کاریگەری لەسەر داهاتووی وڵاتەکە دەبێت.
ئەم هەڵبژاردنە ململانێیەکی توند و هاوسەنگ لەنێوان بەرەی چەپ بە سەرۆکایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن و بەرەی ڕاستڕەوی دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتیی ئۆلف کریستەرسۆن بەخۆیەوە دەبینێت. هەرچەندە پێشتر ڕاپرسییەکان لە بەرژەوەندیی بەرەی چەپدا بوون، بەڵام لە ڕۆژانی کۆتاییی بانگەشەدا جیاوازیی نێوانیان بە تەواوی کەم بووەوە.
لەنێو بەربژێرە دیارە کوردەکاندا کە هاوکات لەگەڵ نوێنەرایەتیکردنی پارتەکانیان، جەخت لەسەر داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتییانی کورد و تێکەڵکردنی تەواوەتیی پەنابەران لەگەڵ کۆمەڵگەی سوید دەکەنەوە، بریتین لە:
لاوین ڕێدار — پارتی سۆسیال دیموکرات
قادر کاسیرگا — پارتی سۆسیال دیموکرات
سەرکان کۆسە — پارتی سۆسیال دیموکرات
سوڵتان کایهان — پارتی سۆسیال دیموکرات
گوڵان ئاڤجی — پارتی لیبراڵەکان
دێنیس بێگیچ — پارتی سۆسیال دیموکرات
دانیال ڕیازەت — ئێستا سەربەخۆیە
سارا گیلە — دیموکراتەکانی سوید
بەرەی چەپ بەڵێنی داوە لە ئەگەری سەرکەوتنیدا دەوڵەتی خۆشگوزەرانی بەهێز بکات و قورسیی تێچووی ژیان لەسەر خێزانەکان کەم بکاتەوە، لە بەرامبەردا کریستەرسۆنی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە سەرکەوتنی سیاسەتەکانی لە کۆنترۆڵکردنی تاوانی ڕێکخراو و سنووردارکردنی کۆچ کردووە، هەروەها بەڵێنی پۆستی وەزاریشی بە هاوپەیمانە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی داوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، پڕۆسەی دەنگدان لە بەیانیی ئەمڕۆوە دەستی پێکردووە و بڕیارە کاتژمێر 8ی ئێوارە بە داخستنی بنکەکان کۆتایی پێ بێت، هەروەها بڵاوکردنەوەی ئەنجامی ڕاپرسییە بەرایییەکانیش هەر لە هەمان ڕۆژدا دەبێت.
پارتی سۆسیال دیموکرات لە ماوەی سەدەی 20دا دەسەڵاتداری سەرەکیی وڵات بووە، هەروەها لە قەیرانی سیاسیی ساڵی 2021دا دەنگی پەرلەمانتارێکی کورد بووە هۆی پێکهێنانی یەکەم حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئافرەتێک لە مێژووی سوید