پۆلیسی پارێزگای کەرکووک ئەو دەنگۆیانەی کە باسیان لە دەرهاتنی ئاگر لە گۆڕێکی گۆڕستانی سەید عەلاویی دەکرد بە تەواوی ڕەت کردەوە و دەڵێت: ڕووداوەکە تەنها سووتانی خاشاک و پاشماوە بووە.
کەمێک لەمەوبەر پۆلیسی کەرکووک لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکە چەواشەکارییەکان، لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و تیمێکی هاوبەشی بەشی پۆلیسی گەڕەکەکە و بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی کەرکووک ڕەوانەی شوێنەکە کران.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی کەرکووک، دوای پشکنینی وردی مەیدانی دەرکەوت ئاگرەکە بەهۆی کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاکەوە کەوتووەتەوە و دووکەڵەکە لە ژێر پاشماوەکانەوە دەرهاتووە، هەروەها هیچ گۆڕێک لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەدا بوونی نەبووە.
پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەو کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ ئاگرەکەیان بە تەواوی کوژاندووەتەوە.
لە کۆتاییدا پۆلیسی کەرکووک جەختی لەوە کردەوە، ڕێکاری یاسایی تووند بەرامبەر بڵاوکەرەوەی دەنگۆ و تێکدەرانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەگرنە بەر.