وەزارەتی داراییی عێراق خەرجکردنی 500 ملیار دیناری وەک شایستە دارایییەکانی جووتیاران بۆ مانگی ئەیلوول دەست پێکرد.
ئەمڕۆ فالح ساری، وەزیری دارایی ڕایگەیاند، بڕی 500 ملیار دینار لە شایستە دارایییەکانی جووتیاران خەرج دەکرێت، ئەمەش وەک بەشێک لە ڕێکارەکانی وەزارەت بۆ یەکلاییکردنەوەی قەرزەکانی سەر شانی دەوڵەت بۆ کەرتی کشتوکاڵ.
وەزیری دارایی و ئابووریی عێراق دووپاتی کردەوە، هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی خەرجکردنی سەرجەم شایستەکانی جووتیاران لە مانگەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبن، تا ئەو کاتەی قەرزەکان بە تەواوی سفر دەکرێنەوە.
وەزیری دارایی ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی جووتیاران لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک کرد، هەروەها پەرۆشیی وەزارەتەکەی بۆ دابینکردنی پێداویستییە دارایییەکان نیشان دا بە مەبەستی بەردەوامبوونی چالاکیی کێڵگەکان.
ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی میکانیزمی پێدانی پارە و مسۆگەرکردنی پشتیوانییە دارایییە پێویستەکانە بۆ جێگیرکردنی کەرتی کشتوکاڵ لە وڵاتدا، دواکەوتنی شایستە دارایییەکانی جووتیاران لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کەرتی کشتوکاڵی عێراق بووە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هەبووە.