لە هەنگاوێکدا بۆ پاراستنی کەرامەتی کرێکارانی بیانی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار نووسراوێکی فەرمیی دەرکرد تا ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆی کرێکاران بۆ مەبەستی ڕیکلام و ناوبانگ.

 

بەپێی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کرێکارانی بیانیی خزمەتگوزاریی ماڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی قەدەغە کرا و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئامانجی بڕیارەکە ئاشکرا دەکات، بۆ پاراستنی کەرامەت، مافی مرۆیی و تایبەتمەندیی کەسیی کرێکارانی بیانییە، تا وێنە و ڤیدیۆکانیان بەبێ ڕەزامەندیی خۆیان بۆ مەبەستی ڕیکلام، بازرگانیی ئەلیکترۆنی، دروستکردنی ناوەڕۆک یان ناوبانگی سۆشیال میدیا بەکارنەهێنرێت.

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی جەختی لەوە کردووەتەوە، پاراستنی مافی کرێکار تەنها لە دابینکردنی مووچە و کاردا کورت نابێتەوە، بەڵکو پاراستنی کەرامەتیان مافێکی سەرەکییە. 

 

لە کۆتایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کردووە، جیاوازیی نەتەوە، زمان یان جۆری کار نابێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانیان و نابێت لە دەرەوەی چوارچێوەی گرێبەستەکانیان بۆ هیچ مەبەستێک ناچار بە کارکردن یان دەرکەوتن لە میدیاکاندا بکرێن.