وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان ڕێکارنامەیەکی نوێی بۆ ڕێکخستنی ڕەفتاری پیشەییی مامۆستایان، قوتابییان لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان دەرکرد.
ئەمڕۆ دکتۆر ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، بڕیاری پەسەندکردنی ڕێکاری ڕەفتاری پیشەییی تایبەت بە مامۆستایان و قوتابییانی لە گشت زانکۆ، ئەنجوومەن، دەستە و کۆلێژە زانکۆیییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد.
لە کۆی گشتی 31 بڕگەی تایبەت بە مامۆستایاندا، ڕێکارەکە کۆمەڵێک پێوەری توندی داناوە، لەوانە دروستکردنی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ قوتابییان، وەرگرتنی دیاری و بەرتیل، یاخود بەکارهێنانی زمانی زبر و هەڕەشەئامێز لە هۆڵەکانی خوێندندا بە تەواوی قەدەغە کراوە.
بڕگەکانی تایبەت بە قوتابییانیش کە لە 32 بڕگە پێکدێت، جەخت لەسەر پاراستنی ڕێزی مامۆستایان، پابەندبوون بە کاتی وانەکان و دوورکەوتنەوە لە فێڵ، هەڕەشە و گوشار بۆ بەدەستهێنانی نمرە دەکەنەوە، جگە لەوەش، بەکارهێنانی مۆبایل و تۆمارکردنی وێنە و دەنگی مامۆستا لە ناو هۆڵەکاندا بەبێ مۆڵەتی فەرمی قەدەغەیە، لەگەڵ پابەندبوون بە ڕێساکانی پۆشینی جلوبەرگ و پاراستنی کەلوپەل و تاقیگەکانی زانکۆ.
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، جێبەجێکردنی ئەم ڕێنمایییە لە دەستپێکی ساڵی خوێندنی 2026-2027 و ساڵانی دواتر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە مەبەستی پاراستنی مافی سەرجەم لایەنەکان و پێشگرتن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەکی کارگێڕی، پیشەیی و یاسایی.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چاکسازی دێت لە سیستەمی خوێندنی باڵادا، بە مەبەستی گونجاندنی ژینگەی ناوخۆی زانکۆکان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ئاکاری ئەکادیمی، بۆ ئەوەی قوتابیان بە باشترین شێوە پڕۆسەی خوێندن ئەنجام بدەن.