پەرلەمانتارانی ئێران فشار لە حکومەت دەکەن بە زووترین کات چەکی ئەتۆمی تاقی بکاتەوە، تا فشار لەسەر "وڵاتانی دوژمن" دروست بکەن.
میدیا ئێرانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، حوسێن عەلی حاجی دلیگانی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە، وڵاتەکە پڕۆژە یاسایەک ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێککەوتنی 'پەرەپێنەدانی چەکی ئەتۆمی' (NPT) بێتە دەرەوە، هاوکات یاسادانەرانی وڵاتەکە داوای تاقیکردنەوەی دەستبەجێی چەکی ئەتۆمی دەکەن.
ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە دوای گەیاندنی هۆشدارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە ئەنجوومەنی ئاسایسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران دێت، کە بە گوتەی حاجی دلیگانی، هۆکارە بۆ ئەوەی متمانە بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە نەکەن، هاوکات ئاژانسەکەی بە پێدانی زانیاری نهێنی ئێران بە وڵاتانی "دوژمن" تۆمەتبار کرد، تەنانەت دوای بۆردوومانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە لەلایەن ئەمریکاوە.
لەلای خۆیەوە، فێدا حوسێن مەلیکی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران بۆ 'ئێران واچ' قسەی کردووە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە لەبری ئەوەی پاڵپشتی وڵاتانی ئەندام لە 'ڕێککەوتنی پەرەپێنەدانی چەکی ئەتۆمی' (NPT) بکات، ئاژانسەکە پاڵپشتی وڵاتانی دەرەوەی ڕێککەوتنەکە دەکات، وەک "ڕژێمی زایۆنی"، هەر بۆیەش بەرپرسانی وڵات و ئەندامانی پەرلەمانی ئێران لە ژێر فشارن تا لە ڕێککەوتنەکە بێنە دەرەوە و بە زووترین چەکی ئەتۆمی تاقی بکەنەوە.
'ڕێککەوتنی پەرەپێنەدانی چەکی ئەتۆمی' (NPT) لە ساڵی 1968 کرا، تێیدا وڵاتانی ئەندام ناچار دەکات لەبری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم، تەنیا وزە و تەکنەلۆژیای ئەتۆم بۆ کاروباری سڤیل بەکابهێنن، وڵاتی ئێرانیش لە ساڵی 1970ـەوە ئەندامە لەم ڕێککەوتە.
پێشووتر رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداری لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکی ئێران دابوو، داوای کردبوو لێژنەیەکی تایبەتی ئاژانسەکەیان بەمەبەستی پشکنینی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکی ئێران و خەملاندنی بڕی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە سەردانی تونێلەکانی 'چیای کلنگ' بکەن، بەڵام ئێران ڕێگە نادات.
تا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمی لەبارەی هاتنە دەرەوەی ئێران لە ڕێککەوتنەکە بە وڵاتانی ئەندام وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ڕووسیا نەدراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیرانیش هیچ لێدوانێکی لەمبارەیەوە بۆ ڕای گشتی نەخستووەتە ڕوو.