دادگایەکی ئێران بلۆگەرێکی دیکەی وڵاتەکەی بە تۆمەتی چالاکی میدیای لە دژی ڕژێمی وڵاتەکە سزا دا، هاوکات بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکەشی دەرکرد.
پێگەی هەواڵی ئێران ئینتەرناشناڵ بڵاویکردەوە، دادگای شۆرشگێری لقی سێی بەندەر عەباس، سزای لەسێدارەدانی بۆ سۆدە ئیبراهیمی بلۆگەری تەمەن 33 ساڵان دەرکرد، ئەمە جگە لە سەپاندنی 2 بۆ 5 ساڵ سزای زیندانی و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت سامانەکەی و بێبەشکردنی لەبەشێک خزمەتگوزاری حکومی.
ناوبراو بە چالاکی میدیایی و بڵاوکردەوەی پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت و ئاسایشی نیشتیمانی، سوکایەتی کردن بە ڕێبەی باڵای ئێران، گرتنی وێنەی ناوچەیەکی بۆردوومانکراو و ناردنی وێنەکە بۆ ئەو میدیا فارسییانەی لە دەرەوەی ئێرانن، تۆمەتبار کرابوو.
بەگوێرەی ئێران ئینتەرناشناڵ، سۆدە ئیبراهیمی ماوەی 20 ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی زیندانی کرا بوو و لەکاتی لێکۆڵینەوەدا ڕووبەڕووی فشارێکی تووند کرابوویەوە، لەو ماوەیەشدا کەسوکارەکەی لەبارەی شوێنی مانەوەی و دۆخی تەندروستی ئاگادار نەکرابوویەوە.
سۆدە ئیبراهیمی لە دوایین پۆستی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیبووی: "ئەگەر ڕۆژێک ئەم جیهانە جێبهێڵم، ئەوە بزانن کە ئەو ڕێگەیەم هەڵبژارد کە باوەڕم پێی هەبووە، یان من دەمرم، یان ئەو زۆڵانە (ڕژێمی ئێران) دەمرن."
ئێران لە سزادانی چالاکوان و ئەو بلۆگرانە بەردەوامە کە پۆستی "نەشیاو" لە دژی حکومەت بڵاودەکەنەوە، پێشووتر لە مانگی 8ـی ئەمساڵ، ئافرەتێکی دیکەی بلۆگەر بەناوی 'ئازەر یاهو' بە تۆمەتی دانانی ئیمۆجی 'دڵ' بۆ پۆستەکانی بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی باڵای ئێران سزای یەک ساڵ زیندانیکردن و 2 ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێنرا.