گەنجێکی تەمەن 30 ساڵان لە کاتی ڕاوەماسیدا لە ڕووباری سیروان خنکا و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، گەنجێکی تەمەن 30 ساڵان بە ناوی محەممەد عەبدولڕەحمان، پیشەی پەرستار و دانیشتووی گەڕەکی ئەندازیاران لە شاری کەلار، لە کاتی ڕاوەماسیدا لە ڕووباری سیروان خنکا.
عەقید سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ناوبراو لەگەڵ باوک و کەسوکارەکەیدا بەمەبەستی ڕاوەماسی چوونەتە گوندی تازەدێ لەسەر ڕووباری سیروان.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کردووە، کەسوکارەکەی رایانگەیاندووە کە لە کاتی ڕاوکردندا تۆڕی ڕاوەماسی بە پێیەکانییەوە گیر بووە و بەو هۆیەوە کەوتووەتە ئاوەکەوە و خنکاوە.
هێزە ئەمنییەکانی گەرمیان لە شوێنی ڕووداوەکەن و لێکۆڵینەوەیان بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتیی دروستبوونی ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
عەقید سۆران محەممەد باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا تەرمی گەنجەکە نەدۆزراوەتەوە و تیمەکانی فریاکەوتن و غەواسی گەرمیان بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی.