شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لە بەغدا گەڕایەوە و لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی کۆبوونەوە بۆ ڕێگری کردن لە دواکەوتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی دارایی 2027، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکار ئەنجامی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی خۆی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوتی فیدڕاڵ خستەڕوو، هاوكات تێڕوانین و پێشنیارە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمیان سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2027 تاوتوێ کرد.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر جێگیرکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، بە تایبەتی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ دواخستن، بە جۆرێک کە پرسی مووچە لە ناکۆکییە دارایی و سیاسییەکان دوور بخرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆن و نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرایەوە بۆ دروستکردنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە پێناوی پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027دا.