هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ دەستنیشانکردنی تۆمەتباران و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەی زیندانی کۆبانێ پێکهێنا.
کەمێک لەمەوبەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناو زیندانی کۆبانێ بڵاوکردەوە، ڕووداوەکە دوای ئەوە هات کە دوێنێ ژمارەیەک کەس لە ناو زیندانەکەدا ئاژاوەیان دروست کردووە و ئاگریان لە چەند هۆڵێک بەرداوە، بەوەش ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانی.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب باسی لەوە کرد، بەهۆی ئاگر کەوتنەوەکەی هۆڵی زیندانی کۆبانێ 7 زیندانی گیانیان لەدەستدا و دەیان زیندانی دیکە بەهۆی دووکەڵی چڕەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون یان بەشێکی جەستەیان سووتا و بریندار بوون.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب هاتووە، لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەیان لە رووداوەکە دەستی پێکردووە، بە مەبەستی دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک کە دەستی لە دروستکردنی ئەم ئاگرکەوتنەوەیەدا هەبووبێت