تیمی هەژماری من هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی تا ئێستا فۆرمی هەژماری منیان پڕ نەکردووەتەوە، کە دەبێت بە زووترین کات پڕی بکەنەوە.

ئەمڕۆ تیمی هەژماری من ڕایگەیاند، تا ئێستا سێ لە سەدی فەرمانبەران خۆیان لە هەژماری من تۆمار نەکردووە، ئەو فەرمانبەرانەی کە بە هەر هۆکاریک خۆیان تۆمار نەکردووە تیمی هەژماری من دەرفەتیان پێدەدات و پێویستە بە زووترین کات بڕۆنە بانکەکان و فۆرمی هەژماری من پربکەنەوە و خۆیان تۆمار بکەن، ئەگەرنا مووچەکانیان وەرناگرن.

بەپێی زانیارییەکانی تیمی هەژماری من، پڕۆسەی دابەشکردنی کارتە بانکییەکان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 50 هەزار کارت ماوە دابەش بکرێت، دوای تەواوبوونی چاپکردنیان، ئەوانیش بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری فەرمانبەران خۆیان تۆمار کردووە و کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە و بەشێکی کەم ماون ئێستا، پرۆسەکە زۆر خێراتر بووە و لە هەمان ڕۆژدا ئەوانەی فۆرمیان پرکردووەتەوە دەتوانن کارتەکانیان وەربگرنەوە.

بەم هەنگاوە، عێراق و هەرێمی کوردستان بە فەرمی بەرەو کۆتاییهێنان بە دابەشکردنی مووچە بە شێوەی کاش دەچن و سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکەنە بنەمای سەرەکیی گواستنەوەی مووچەکان، واتە مووچەی کارمەندان و خانەنشینان ڕاستەوخۆ بۆ هەژماری بانکییان دەگوازرێتەوە و دەتوانن لە ڕێگەی کارت و ئامرازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە بەکاری بهێنن.