پایتەختی هیندستان دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی لووتکەیی زیاتر لە 10 سەرۆکی وڵاتی زلهێزی جیهان کە پرسەکانی ململانێ، بازرگانی، وزە و ئاڵۆزی و گرژییەکانی ناوچەکەی تێدا تاوتوێ دەکرێت.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) ڕایگەیاند، شی جینپینگ سەرۆکی چین گەیشتە نیودەلهی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی بریکس شانبەشانی سەرکردەکانی هیندستان، ڕووسیا و ئێران بۆ ئەوەی پرسەکانی ململانێ، بازرگانی و وزە تاوتوێ بکەن.

 

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی لووتکەکە، نارێندرا مۆدی سەرۆکوەزیرانی هیندستان لەگەڵ هەریەک لە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکاندا سەرۆکوەزیرانی هیندستان جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردەوە.

 

کۆبوونەوەی لووتکەی بریکس لە ئەمڕۆ تا 13ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ئەم ئەندامانە بەشداری تێدا دەکەن:

 


1.  نارێندرا مۆدی – سەرۆکوەزیرانی هیندستان
2.  شی جینپینگ – سەرۆککۆماری چین
3.  ڤلادیمیر پوتین – سەرۆککۆماری ڕووسیا
4.  مەسعود پزیشکیان – سەرۆککۆماری ئێران
5.  سیریل ڕامافۆسا – سەرۆککۆماری باشووری ئەفریقا
6.  عەبدولفەتاح سیسی – سەرۆککۆماری میسر
7.  پرابۆوۆ سوبیانتۆ – سەرۆککۆماری ئیندۆنیزیا
8.  ئابی ئەحمەد – سەرۆکوەزیرانی ئەسیۆپیا
9.  شێخ خالید بن محەممەد بن زاید – جێگری میراتگری ئەبوزەبی، نوێنەری ئیمارات
10.  ماورۆ ڤیێرا – وەزیری دەرەوەی بەرازیل، نوێنەری بەرازیل
11.  فەیسەڵ بن فەرحان – وەزیری دەرەوەی سعودیە، نوێنەری سعودیە

 

گرووپی بریکس لە ساڵی 2009 دامەزرا بۆ کۆکردنەوەی ئابوورییە تازەپێگەیشتووەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو بلۆکانەی حکومەتەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا باڵادەستن تێیاندا، دواتر ئەم گرووپە فراوانتر بوو بۆ لەخۆگرتنی چەندین وڵاتی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان بۆ ڕەخساندنی هاوسەنگی زیاتر لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا.