ئێران ژنێکی چالاکوانی وڵاتەکەی تەنیا بە تۆمەتی دانانی کۆمێنت و ئیمۆجی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سزا دا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، ئازەر یاهو، ئافرەتی تەمەن 39 ساڵان لە زیندانی وەکیل‌ئابادی مەشهەد، لەلایەن لقی چواری دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە، حوکمی یەک ساڵ زیندانیکردن و 2 ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێنرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەم رێکخراوە، تۆمەتەکەی دژ بە ئازەر یاهو بریتی بوو لە 'هەماهەنگی کردن' لەگەڵ ئیسرائیل، ئەویش تەنیا بە نووسینی کۆمێنت لە یەکێک لە پۆستەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.

 لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی زانیاری ڕۆژنامەنووسان و میدیاکانی دیکەی ئێران، ناوبراو بە دانانی ئیمۆجی 'دڵ' بۆ نەتەنیاهو و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی باڵای ئێران تۆمەتبار کرابوو.

ئازەر یاهو پێشووتر لە 4-3-2026 لە مەشهەد لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا بوو و دواتر ڕەوانەی زیندانی وەکیل‌ئاباد کرا.