تاوانەکانی ژنکوژی و دەستدرێژیکردنەسەر ئافرەتان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیسان کارەساتێکی گەورەی نایەوە، ئەمجارە کچێکی تەمەن 28 ساڵان بووە قوربانی ئەم دیاردە قێزەونە، نیلۆفەر موجاوری خەڵکی پیرانشار، لەلایەن پیاوێکەوە ڕفێندراو و دەستدرێژی کرایە سەر و گیانی لەدەستدا؛ تەواوی چیرۆکی ڕووداوەکە لێرەوە بخوێنەوە.
 
نیلۆفەر موجاوری کێ بوو؟
نیلۆفەر موجاوری، تەمەنی تەنیا 28 ساڵان بوو، ئەو خەڵکی شاری پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو،  باوکی بەهۆی قەرزی داراییەوە زیندانی کرابوو، لەبەر گرفت و سەختیی ژیان، نیلۆفەر ناچار بوو لەگەڵ دایکی لە باخێکی سێو لە ناوچەی خۆیان کار بکات، بنەماڵەی نیلۆفەر بۆ پایتەخت میدیا پشتڕاستیان کردەوە: "کچەکەیان کەسێکی بێ کێشە بووە، ئەو بنەماڵەیە هیچ گرفتێکی کۆمەڵایەتی یان دوژمندارییان نەبووە و لەو باخە سێوە کە کاری کردووە، ئەو کەسەی ناسیوە و کێشەکە لەوێوە سەریهەڵداوە".


 
کێشەکە چۆن دروست بوو؟

پووری نیلۆفەر موجاوری لە لێدوانێکدا بۆ پایتەخت میدیا ڕایگەیاند: "کچەکەمان لەو باخە سێوە کاری دەکرد، ئەو کەسە کە ناوی سەید عیزەددین سەید تاهیرییە، خۆی لە نیلۆفەر نزیک کردبووەوە، چەند جارێک هەڕەشەی لێکردبوو و گوتبووی دەبێ لەگەڵ من ژیانی پێک بهێنیت و لای کەس باسی نەکەیت".


 
دوای چەند جارێک قسە کردن، بکوژی نیلۆفەر بەیانییەک بە هەڕەشەکردن، کچەکە لە ماڵی خۆیان دەباتە دەرەوە، دەیباتە ماڵێک لە گوندێکی نزیک پیرانشار و زیندانی دەکات، بەپێی قسەی بنەماڵەی نیلۆفەر موجاوری، بکوژ زیاتر لە 10 ڕۆژ کچەکەی زیندانی کردبوو، ئەشکەنجەی دابوو، بەشێوەیەکی دڕندانە دەستدرێژی کردبووە سەری، دواتر کە دۆخی تەندروستیی تێکچووبو، نیلۆفەری بۆ نەخۆشخانە بردبوو.


 
بنەماڵەی موجاوری ئەوەشیان باسکرد، کە کەسی دەستدرێژیکار لە نەخۆشخانە گوتوویەتی: "نیلۆفەر بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ وایلێهاتووە"، بەڵام پزیشکەکان بە بینینی ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدان زانیبوویان کە دەستدرێژی کراوەتە سەر و مێشکی ئازاری قورسی پێگەیشتووە.


 
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە دوای مانەوە لە نەخۆشخانە، دۆخی تەندروستی نیلۆفەر خراپتر بوو، ئەو کەسەش کە دەستدرێژی کردبووە سەری، بە پاساوی هێنانی بەڵگەی خێزانی، لە نەخۆشخانە هەڵهاتبوو، بەڵام لەسەر سکاڵای بنەماڵەی نیلۆفەر، کەسی دەستدرێژیکار لە سنووری بانە و لەکاتی هەڵهاتن بەرەو هەرێمی کوردستان دەستگیر کرا.


 
 هەڵوێستی بنەماڵەی نیلۆفەر موجاوری چی بوو؟

دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، نیلۆفەر موجاوری بەهۆی مەرگی مێشکییەوە گیانی لەدەستدا، بەڵام بنەماڵەکەی و بەتایبەت دایکی نیلۆفەر، هەڵوێستێکی مرۆڤانەی نواند و چەند ئەندامێکی جەستەی کچەکەی، لەوانە گورچیلەکان و دڵی بە نەخۆشانی دیکە بەخشی، ئەوان بێجگە لە ناوەندە ئەمنی و پەیوەندیدارەکان، داوایان لە کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، کە هەڵوێستییان بەرامبەر ژنکوژی و دەستدرێژیکردنەسەر ژنان هەبێت.


 
پووری نیلۆفەر موجاوری بە پایتەخت میدیای گووت: "نیلۆفەر کچی ئێمە بوو و بووە قوربانیی دەستدرێژی و لەکۆتاییدا گیانی سپارد، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستییان بەرامبەر ئەم کارەساتانە نەبێت، دیاردەکە زۆرتر پەرە دەستێنێت"، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، کە چاوەڕێن مافی کچەکەیان بە هەموو شێوەیەک وەربگیرێت و کەسی تاوانبار بە سزای خۆی بگات.


 
کەسی دەستدرێژیکار کێ بوو؟
بەپێی بەدواداچوونەکانی پایتەخت میدیا لە ناوەندە مافی مرۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا" بەتایبەتی، ئەو کەسەی دەستدرێژیی کردبووە سەر نیلۆفەر موجاوری، ناوی "سەید عیزەددین سەید تاهیری"ـیە، تەمەنی 41ساڵانە و پێشینەی چەندین دۆسیەی دیکەی دەستدرێژیکردنی هەبووە بۆ سەر ئافرەتان.


 
زانیارییەکان دەریدەخەن، کەسی دەستدرێژیکار، ماوەی چەند ساڵ پێش ئێستا بە هەمانشێوە دەستدرێژی کردبووە سەر کچێکی دیکە و کۆتایی بە ژیانی هێنابوو، چەند ساڵێک بەوهۆیەوە دەستگیر کرابوو، بەڵام بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، هاوکات تاوانبار چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و کێشەی بۆ هونەرمەندێک دروستکردبوو.


 
زانیارییە تایبەتەکانی پایتەخت میدیا ئاشكرای دەکەن، سەید عیزەددین سەید تاهیری، چەند جارێک پەیوەندیی بە حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کردووە و ویستوویەتی وەکو ئەندامی ئەو حیزبانە وەربگیرێت، بەڵام بەهۆی کێشەی ئەمنی و کۆمەڵایەتییەوە، هیچ حیزبێک ئامادە نەبووە مافی ئەندامەتیی پێ بدات.


|سەید عیزەددین سەید تاهیری، لە چەندین لایەنەوە سكاڵای لەسەر تۆمار کراوە، کە گوایا دەستی لە دۆسیەی گیران و زیندانیکردنی "جەلال شریت"، هونەرمەندی گۆرانیبێژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە زیندانی کراوە، هاوکات کەسی تۆمەتبار چەندین تۆمەتی سیخوڕیی دیکەش دراوەتە پاڵ ئەو تۆمەت و تاوانانەی، کە ئەنجامی داوە.


 
تاوانەکانی ژنکوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئامارەکانی
یەکێک لە دیاردە ناخهەژێنەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەماوەی ئەم چەند مانگەدا بەشیوەیەکی مەترسیدار ڕەنگی داوەتەوە، دیاردەی ژنکوژی و دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ئافرەتان، کە ناوەندە مافی مرۆییەکان ئامار و زانیارییەکانی ئەو کەیسانەیان بڵاوکردووەتەوە، کە بوێرانە هەڵوێستییان دژی ئەم دیاردەیە هەبووە.


 
ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا" لە ئامارەکانیدا بڵاویکردووەتەوە، کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەندین حاڵەت ڕوویانداوە، لەوانە دۆسیەی لەتیفە محەممەدزادە، ژنێکی کوردی خەڵکی سەقزی تەمەن 49 ساڵان، لەلایەن ئومێد فەیزی هاوسەری پێشوویەوە بە چەقۆ کوژرا و زیاتر لە 20 برینی چەقۆ و لێدانی سەختی لێکەوتەوە.


 
کوردپا ئاماژەی بە دوو  دۆسیەی دیکەش کردووە؛ کچێکی تەمەن 16 ساڵان، کە هەر لە منداڵییەوە تووشی توندوتیژی و ئازاردانی بەردەوام بوو لەلایەن باوکیەوە و هەروەها لە خوێندن بێبەش بوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی خەوتندا لەلایەن باوکییەوە، بە تەقەکردن لە پشتی سەری بە دەمانچە کوژراوە.


 
جیا لەو دۆسیانەش، ئاتوسا جەعفەری، ژنێکی گەنجی کوردی خەڵکی شاری سنە، بە هۆی "داوای جیابوونەوە"، لە بەردەم بنەماڵەکەی بە چەندین جار لێدان بە چەقۆ، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئاتوسا تووشی توندوتیژی و هەڕەشەی بەردەوامی هاوسەرەکەی بووە، لەگەڵ ئەوەشدا دادگا داوای جیابوونەوەی پشتگوێ خستووە.


 
چالاکوانان و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەئێستادا فۆکەسی تووندیان خستووەتە سەر دیاردەکانی ژنکوژی و دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتان لە کۆمەڵگە و داوا لە خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان دەکەن، کە بە بێ هیچ ترس و نیگەرانییەک، لە ئەگەری ڕوودانی ئەو حاڵەتانە بوێرانە داوای مافی خۆیان بکەن.