لە ئەنبار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان  و مووشەک و کەرەستەی سەربازیی دەستیان بەسەردا گیرا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئۆپراسیۆنێکدا هێزەکانیان دەستیان بەسەر شوێنێکی چۆڵکراودا گرتووە لە قەزایی 35ی پارێزگای ئەنبار، کە بڕێکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک و کەرەستەی سەربازیی لێبووە.

وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای هەواڵگری ورد ئەنجامدراوە و هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ئەو شوێنە، کە پێشتر وەک دوکانی چاککردنەوەی تایەی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرا.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دا هاتووە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا دەستبەسەر 47 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 46 مووشەکی ئامادەکراو، ئامێری کۆنتڕۆڵ، پاتری و کەرەستەی تەکنیکی و سەربازییدا گیرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێزە ئەمنییەکان شوێنەکەیان پاراستووە و سەرجەم کەلوپەلەکانیش دەستیانبەسەردا گیراوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیانکردووە بە ڕێکارە تەکنیکییەکان و لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی کەرەستەکان ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست.