شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، گەیشتە پیرمام بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنی پەرلەمانی ئەو حزبە لە پەرلەمانی عێراق.

دوای چەندین کۆبوونەوەی بەردەوامی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بەشە بوودجەی ساڵی داهاتوو عێراق لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، کەمێک پێش ئێستا ئەو شاندە گەیشتنە پیرمام بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و وابڕیارە لەگەڵ تەواوی حزب و لایەنەکانی دیکە کۆببنەوە.

شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم پێکهاتوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری ئابووری و دارایی، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سیروان محەممەد، بریکاری وەزیری پلاندانان، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم.

لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیالە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، هەر یەک لە هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێری، محموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی، زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکە بەشدارن.

بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شاندنی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، سبەی یەکشەممە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو لە بەغدا، شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی فیدڕاڵ و چەند لایەنەکی دیکە کۆبوونەوە و بەرپرسانی باڵای عێراق، بەڵێنیان داوە کە لە بوودجەی ساڵی 2027، هەرێمی کوردستان بەشە بوودجە و شایستەیی خۆی پێبدرێت.

پایتەخت میدیا زانیویەتی، ئەم سەردانەی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان بۆ ئەوەیە، تاوەکو دواین زانیارییەکان بە لایەنەکان بدەن و داوا لە تەواوی فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق بکەن، بە یەک دەنگ بەرگری لە بەشە بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم بکەن لە دوای ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق لە لایەن کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

حکومەتی عێراق ماوەی چەندین ساڵە بەشە بوودجەی هەرێم نانێرێت و کوردستانی بێبەشکردووە لە بوودجەی وەبەرهێنان و چەندین سێکتەری دیکە، هەروەها مووچەی چەندین مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی لە ساڵانی ڕابردوو نەناردووە، بۆیە حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە بەشە بوودجەی ساڵی 2027، بوودجەی کوردستان لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووان هەرێمی کوردستان دیاریی بکرێت و بەغدا پابەند بکات بە ناردنی شایستە دارییەکان.