بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بەتایبەت ڕووداوی هێرشکردنەسەر بۆڕیی نەوتی سعودیە لە خاکی عێراقەوە، عەلی زەیدی دەروازەی سنووریی شەلەمچە، لە نێوان ئێران و عێراقی تا کاتێکی نادیار داخست، هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسانیشی لە کارەکەی دوور خستەوە.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشكرای کرد، بە بڕیاری عهلی زهیدی، سهرۆكوهزیرانی عێراق، بەمەبەستی پاراستنی خاکی عێراق و وەک ڕێکارێکی ئەمنی، دەروازەی سنووریی شەلەمچە بەڕووی ئێراندا تا ماوەیەکی نادیار دادەخرێت.
بڕیارەکەی زەیدی دوای ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو هات، کە لە خاکی عێراقەوە بە درۆنی خۆکوژ هێرش کرایە سەر بۆڕیی نەوتی وڵاتی سعودیە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی نیگەرانیی لایەنە ئەمنییەکانی عێراق و سعودیە و وڵاتانی عەرەبی.
دوای بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکە، زەیدی بڕیاری ئەوەشی دا، کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسانیش لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە، هۆکارەکەشی بۆ هێرشە درۆنییەکە گەڕاندووەتەوە، کە لە پارێزگای میسانەوە کراوەتە سەر بۆڕیی نەوتی سعودیە.
جیاواز لە داخستنی دەروازەی سنووریی شەلەمچە و دوور خستنەوەی ئەو بەرپرسەی پارێزگای میسان، لەئێستادا سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەسڕەش بەرەو ئێران ڕاگیراون، ئەمەش هەر لە درێژەی ئەو دۆخە ئەمنییەی دوای هێرشە درۆنییەکە لە عێراقەوە بۆ سەر سعودیە هاتووەتە پێش.